ئەدینبورگ
بڕیارە بەیانی ریفراندۆمی مێژوویی بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەندا لە بەریتانیا ئەنجام بدرێت و ئەنجامی راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ھەر چەند رێژەی دژبەرانی سەربەخۆیی کەم بێ، بەڵام لە رێژەی لایەنگرانی سەربەخۆیی زیاترە.
سەرۆکی حکومەتی سکۆتلەندا و سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرەستی سکۆتلەندا ئالێکس سالمۆند لە نامەیەکدا کە ئاراستەی دەنگدەرانی سکۆتلەندای کردووە داوای بەشدایکردن لە ریفراندۆم و دەنگیان بە سەرەبە خۆیی سکۆتلەندای کردووە، چونکە ھێزی دەستنیشانکردنی داھاتووی وڵات لە دەستی دەنگدەرانە و پێویستە دەنگدەری سکۆتلەندی دەنگ بە سەربەخۆیی وڵات بدات.
بە پێی ئەنجامی سێ راپرسی کە دوێنێ شەو بڵاوکرانەوە، رێژەی ئەوانەی کە دەنگی نا بۆ سەربەخۆیی دەدەن زیاتره لە دەنگی ئەوانەی کە دەنگ بە سەربەخۆیی دەدەن و رێژەی ئەوانەی کە سەربەخۆییان ناوێ سەدا ٥٢ یە و سەدا ٤٨ی دەنگدەرانیش داوای سەربەخۆیی دەکەن و ھێشتا سەدا سێ تا سەدا ھەشتی دەنگدەرانیش بڕیاریان لەو بارەوە نەداوە.
رۆژنامەکانی سکۆتلەندیش ئەمڕۆ ئەنجامی ئەو راپرسییانەیان لە مانشێتەکانیاندا بڵاوکردەوە و لهمبارهوه رۆژنامەی دی ھارالد ئاماژەی بەوە کردووە کە دەنگی نا و دەنگی بەڵێ بۆ ریفراندۆم یەکسان دەبن و رۆژنامەی سکۆتسمانیش ئاماژەی بەوە کردووە رێژەی دەنگی نا بۆ ریفراندۆم لە پێشەوەیە، بەڵام دەنگی بەڵێ بۆ رێفراندۆم جیاوازییەکە لە ناو دەبا و پێش دەکەوێ. کاربەدەستان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر بێتۆ رێژەی دەنگی بەڵی بۆ ریفراندۆم زۆرتر بێ، ئەوا بەریتانیا لە بەرامبەر ھێرشەکاندا بەبێ پاسەوان دەمێنێتهوه. لە چوارچێوەی کەمپەینی (پێکەوە باشترین) ئەمڕۆ بۆ دواین جار داوا لە دەنگدەری سکۆتلەندی دەکرێ کە دەنگی نا بۆ سەربەخۆیی بدەن.
ھەموو خهڵكی سکۆتلەندا ئەوانەی تەمەنیان لە سەرەوەی ١٦ ساڵە مافی بەشداریکردنیان لە پرۆسەكەدا ھەیە و چاوەڕوان دەکرێت بەیانی نزیکەی چوار ملیۆن كهسی سکۆتلەندی بۆ دەنگدان بهرهو بنكهكانی دهنگدان بچن. پڕۆسەكه سەعات حەفتی بەیانی بە کاتی سکۆتلەندا دەست پێ دەکات و تا سەعات ١٠ی شەو بەردەوام دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی ریفراندۆم پێش بەرەبەیانی رۆژی ھەینی ئاشکرا بکرێت.