عەمید یادگار ئەنوەر، بەڕێوەبەری نشینگەی ھەولێر، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: رۆژانە نزیکەی ھەزار بیانی سەردانی نشینگەی پارێزگای ھەولێر دەکەن بۆ پێدانی مافی مانەوە(ئیقامە)و بەشی زۆری ئەوانە، خەڵکی تورکیا و ئێرانن.
بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی ھەولێر پێکھاتووە لە سێ بنکەی سەرەکی- بنکەی فڕۆکەخانەی ھەولێر، بنکەی خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران، بنکەی خاڵی سنووریی سۆران- لەگەڵ چوار بنکە لە کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا لە دەوروبەری ھەولێر نیشتەجێکراون. بەش بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، ئاسیا، ئەفریقا کراوەتەوە ھەموو ئەمانە رێنمایی تایبەت بە خۆیان ھەیە.
لە ھەرێمی کوردستان، ئەوانەی داوای مافی مانەوە دەکەن، سەرەتا ماوەی ١٥ رۆژ روخسەتی مانەوەیان پێدەدرێ. ھەموو ئەوانەی بە کار و ئەرکی جیاوز دێن، بەشی زۆریان بۆ کار و سەرمایەگوزاریی لە ھەرێمی کوردستان دەمێننەوە.
عەمید یادگار سەبارەت بە سەردانی بیانییەکان بۆ فەرمانگەکەیان گوتی: " مانگی کانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵ لەگەڵ نیوەی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، ژمارەی ئەو کەسانەی داوای مافی مانەوە دەکەن، رۆژانە دەگاتە زیاد لە ١٠٠٠ بیانی، ئەگەر سەرجەم بەڵگە و مەرجەکانی نشینگەیان تەواو بێ، مافی مانەوەیان پێ دەدرێ."
مەرجی پێدانی مافی مانەوە لە ھەرێمی کوردستان، جیاوازە. ئەوانەی بە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان ھاتوون، پێویستە سەرجەم بەڵگەکانیان لە لایەن حکومەت یان ئەو کۆمپانیای ھێناونی بۆ دروستکرابێ. گەشتیاران ماوەکەیان دیاریکراوە و روخسەتی مانگێک بۆ سێ مانگیان پێ دەدرێ ئەوان پێویستیان بە پشکنینی خوێن نییە.
بەڵام ئەوانەی بۆ کار و سەرمایەگوزاریی و وەبەرھێنان روو لە ھەرێم دەکەن، پێویستییان بە رێوشوێنی زیاتر ھەیە وەکو پشکنینی پزیشکی و کەفیل.
عەمید یادگار لە بەشێکی دیدارەکەی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو روونیکردەوە، لە بەشی ھەرە زۆری وڵاتانی جیھان خەڵک روو دەکەنە ھەرێمی کوردستان، بەڵام زۆرترین گەشتیار و کارمەند و سەرمایەدار، بە پلە یەک لە وڵاتی تورکیا و دوای ئەو ئێران بە پلەی دووەم دێن. ھەرێمی کوردستان لە دوای رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، بە شێوەیەکی خێرا بەڕووی جیھاندا کرایەوە.
عەمید یادگار سەبارەت بە کارەکانیان گوتی: "لەگەڵ گۆڕینی سیستم لە فایلەوە بۆ ئەلیکترۆنی، ئێستا کارەکانمان زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێ، ساڵانی رابردوو رەخنە ھەبوو لە ئیشوکارمان، بەڵام ئێستا کارەکان بە رێکوپێکی رادەپەڕێنین. ساڵی ٢٠١٠ ئەم شێوازەمان گۆڕی وەکو وڵاتانی ئەوروپا بە ھەمان سیستمی ئەلیکترۆنی کاری ھاووڵاتیان بەڕێوە دەبەین، بیانی لە ماوەی ١٠ بۆ ١٥ دەقیقە بە مەرجێ سەرجەم بەڵگە و رێنماییەکان جێبەجێ بکا، کارەکانی بۆ ئەنجامدەدرێ. ئێستاش رۆژانە زیاد لە ھەزار و ١٠٠ بیانی مافی مانەوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەدرێ بە بیانییەکان."
بەرێوەبەری نشینگەی ھەولێر، باسی ئاسانکاریی پێدانی مافی مانەوە دەکا بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا لە ھەولێر نیشتەجێکراون گوتی: "ھاووڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان بە لێشاو روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، لە دەستپێکدا نەمانتوانی وەک سیستمی بەڕێوەبەرایەتی ھەمان سیستم لە ناو بەشەکانی ئەوێشدا دابین بکەین، دواتر بە سەر پەرشتی پارێزگاری ھەولێر و بە ھەماھەنگی رێکخراوی یونیسکۆ، توانیمان لە چوار بەشەکەی کامپی ئاوارەکانی رۆژئاوا، بە شێوەی سیستەمی ئەلیکترۆنی کار و مامەڵەی ئەوانیش رێک بخەین. ئەو ناسنامەیەی پێان دەدرێ، زانیاریی زۆرباشی تێدایە."
عەمید یادگار سەبارەت بە سەردانی بیانییەکان لەڕێی پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق گوتی: "ھیچ کێشەیەک لە و حاڵەتەدا نییە، بیانییەکان دەتوانن لە ھەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی فڕۆکەخانە یان لە رێگای وشکانییەوە سەفەر بکەن، بەڵام ھەندێ حاڵەت ھەیە کە کێشە لە ڤیزاکەیان ھەیە لە سەفارەتەکانی عێراق وەرنەگیرا، ئەگەر ڤیزاکانیان لە سەفارەتەکانەوە وەرنەگیرابێ ئێمە ناتوانین قبوڵی کاری فەرمانگەکان بکەین و بە ھیچ شێوەیەک لەل ایەن ئێمەوە کاریان پێناکرێ. مەبەستمان دروستکردنی کێشە نییە لەو رووەوە، بەڵام دەبێ کەسی بیانی ڤیزای سەفارەتی عێراقی وەرگرتبێ کە ئەمە لە ھەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێ، ئێستا لە ھەوڵداین لەگەڵ بەغدا تەنیا یەک شێوە ئیقامە ھەبێ و لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کاری پێ بکرێ چونکە ئەوان نشینگەی ئێمە قبوڵ ناکەن."