ههولێر- شوان سدیق
لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە پرسی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و پرۆژە یاسا لەلایەن فراكسیۆنەكانەوە ئامادەكرێت بۆ ئەوەی لە كەرتە جیاجیاكاندا چاكسازی بكرێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان عزەت سابیر رایگەیاند "لەلایەن فراكسیۆنەكانەوە پێنج پرۆژە بۆ چاكسازی ئامادەكراوە، هەوڵ دەدەین لەم یەك دوو رۆژەدا كۆتایی بەو راپۆرتە بهێنین، دواتر پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكەین بۆ پەسەندكردن".
سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری گوتیشی: "هەوڵدەدەین مووچەی پلەكانی تایبەت كەمبكرێتەوە، بڕێك لە دەرماڵەكانیان كەمبكرێتەوە و بدرێتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئەوانەی كە مووچەكانیان كەمە، هەروەها چاكسازیش لە سێكتەرەكانی تردا دەكرێت".
لەلای خۆیەوە جێگری لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان، عەلی حەمەساڵح رایگەیاند "سەرجەمی مووچەی پلەكانی تایبەت لە وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و پەرلەمانتار بەوانەی كە دەوام دەكەن و ئەوانەی كە خانەنشینن، نزیكەی ملیارێك بۆ ملیار و نیوێك پارە دەگەڕێنینەوە بۆ داهاتی گشتی".
عەلی حەمەساڵح گوتیشی: "دەبێت چاكسازی لە پەرلەمانتار و وەزیرەكانەوە دەست پێ بكات، وەك هەنگاوی یەكەم، هەنگاوی دووەم ئەوەیە دەبێت كۆمەڵێك چاكسازی لەبواری كارگێری و ئابووریدا بكرێت وەك سێكتەری نەوت بەدروستكردنی سێ كۆمپانیا و هەروەها داهاتی نەوت و داهاتی خاڵەكانی سنووری و داهاتی نێوخۆ دەبێت پێداچوونەوە بە خانەنشینادا بكرێت و لەچوارچێوەی یاسا رێكبخرێتەوە".
جێگری لیژنەی دارایی و ئابووری باسی لەوەشكرد كە دەبێت دوو مووچە و سێ مووچە رێكبخرێتەوە، لەگەڵ كێشەی ئۆتۆمبێل و بەركاهێنانی لەلایەن فەرمانبەر و كاربەدەستانی حكومی.
عەلی حەمەساڵح وەكو لیژنەی دارایی و ئابووری داوای لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی كرد كە چاكسازی دەست پێ بكات و بێتە پەرلەمان پرۆژەكانی خۆی رابگەیەنێت.