ھەولێر
سەعات شەشی ئێوارە سندوقەکانی دەنگدان و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان داخران و چاودێران و کارمەندانی بنکەکان دەستیان بە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان کرد.
کۆتاییھاتنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکای عێراقەوە راگەیەندرا.
ناوەندەکانی دەنگدان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی عێراق سەعات ٠٦:٠٠ی ئێوارە داخرا، ئامێرەکانی دەنگدان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی سەعات شەش لەکاروەستان، ژمارەی بەشداربووانی دەنگدان لە لایەن چاودێرانی بنکەکان تۆمار کراوە.
لە لایەکی دیکەوە سندوقەکانی دەنگدان لە لایەن کارمەندانی کۆمیسیۆنەوە کرانەوە و دەست بە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان کرا.
بۆ رێگرتن لە ساختەکاری، دووبارە لە لایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سندوق و دەنگەکان دەژمێردرێنەوە، تا ئێستاش وادەی ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن رانەگەیەندراوە.
لە کەرکوک رێژەی بەشداربووان نزمە
بە ھۆی تەقینەوە و ھێرشە چەکدارییەکانەوە، دەنگدان لە بنکەکانی کەرکوک بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزینی بە خۆیەوە بینی، بە تایبەتی لە کەرکوک لە رۆژی دەنگداندا تەقینەوەی نۆ بۆمبی دەنگی رێژەکەی نزم کردەوە.
ھەروەھا لە ناوچە سوننەکانی عێراق بە ھۆی توندوتیژییەوە وەک ناوچەکانی ئەنبار، دیالە، موسڵ و سەڵاحەدین، دەنگۆی نزمی بەشداربووانی هاوڵاتییان لە ھەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ دەکرێ. کە ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر تورکمانەکان و رێژەی بەشداربوونی ئەوانیش نزمە.
براوە کورد دەبێ
سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە ھۆی ئەوەی ناوچەکانی کورد لە رووی ئاسایشەوە سەقامگیرە، رێژەی بەشداریکردنیان بەرزە، براوەی ئەم ھەڵبژاردنەش کورد دەبێ، لەوانەیە ژمارەی کورسییەکانیان لە ٥٧ەوە بۆ ٦٥ بەرزبێتەوە، هەروەها رێژەی بەشداربووانی شیعە لە سونە بەرزتردەبێ.
٢١ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار دەنگدەر لە عێراق ھەیە، نۆ ھەزار کاندیدی ٣٦ ئیتیلاف و ٧١ قەوارەی سیاسی بۆ ٣٢٨ کورسی پەرلەمان کێبرکێیان کرد.