بەغدا
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی گشتیی گەیشتووەتە %60، لە كاتێكدا لەسەر رۆشنایی ئەو كارتی دەنگدان، پێشبینی دەكرێ ئەو رێژەیە %70 بێ.
سەرۆكی كۆمیسیۆن سەربەست مستەفا لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، ئەم پڕۆسەیەی دەنگدان لە رێگەی رێژەی بەشداربووانەوە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا، روونیشی كردەوە كە پڕۆسەی گواستنەوەی سندوقەكانی دەنگدان بۆ ناوەندەكان ژماردن و جیاكردنەوە لەژێر چاودێری و پاسەوانییەكی توند ئەنجامدراوە.
هەروەها گوتی ئەو ئەنجامانەی قەوارە سیاسییەكان بڵاوی دەكەنەوە هەمووی راست نین و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان تاكە لایەنی رێگەپێدراوە بۆ راگەیاندنی ئەنجامەكان.
مستەفا داوای لە سەرجەم قەوارەكان كرد پابەندی رێوشوێنەكانی كۆمیسیۆن بن لە پڕۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان، پشتگیری ئامادەبوونی هەموو رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكانیشی كرد بە مەبەستی چاودێریكردنی پڕۆسەكە.
لە درێژەی قسەكانیدا ناوبراو رایگەیاند، ژمارەی چاودێرانی قەوارە سیاسییەكان گەیشتە 630 هەزار چاودێر، لە كاتێكدا ژمارەی ئەو رێكخراوانەی وەك چاودێر بەشدار بوون 170 هەزار رێكخراو بوو.
هەروەها ژمارەی ئەو رۆژنامەنووس و میدیاكارانەی رووماڵی پڕۆسەی دەنگدانیان كرد لە سەرانسەری عێراق 4900 كەس بوونە و ژمارەی چاودێرانی نێودەوڵەتی 4900 چاودێر بووە.
لای خۆیەوە سەرۆكی كارگێڕیی هەڵبژاردن میقداد شەریف لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی لەوە كرد كە كۆمیسیۆن كاری لەسەر تۆماركردنی دوو رێژە كردووە، یەكەم پشت بەستن بە لیستی تۆماری دەنگدەران و ئەوی دیكە لە رێگەی كارتەكانی هەڵبژاردنەوە.
ئاماژەشی كرد كرد، ژمارەی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو 20 ملیۆن و 232 هەزار و 499 كەس بووە و لەو ژمارەیە 12 ملیۆن و 191 كەس بەشداری هەڵبژاردنی ئەمڕۆیان كرد.
باسی لەوەش كرد ئەو رێژەی تۆماركراوە بە پشت بەستن بە تۆماری دەنگدەران گەیشتە %60، لە كاتێكدا كۆمیسیۆن پێیوایە رێژەی راستەقینە بە پشت بەستن بە كارتی دەنگدان دەگاتە %70.
گوتیشی "ئەم رێژەیە گەورەیە و كۆمیسیۆن جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە پڕۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان و راگەیاندنی ئەنجامەكان بە شەفافییەتێكی گەورە ئەنجام بدرێ".
هەروەها ئاماژەی كرد كە سەرەڕای ئەو گوشارانەی لەسەر كۆمیسیۆن بوو بۆ پاشەكشەكردن لە پڕۆژەی كارتی ئەلیكترۆنی، بەڵام كۆمیسیۆن پێداگیربوو لەو پڕۆژەیە و سەركەوتنێكی باشی بەدەست هێنا.
هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە، نێردەی كۆمكاری عەرەبی بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان لە عێراق وەجیه ئەل حەنەفی رایگەیاند شاندەكەیان لەسەر داوای سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵا هاتووە بۆ عێراق.
حەنەفی روونی كردەوە كە سەرۆكی كۆمكاری عەرەبی ئەم داوایەی قبوڵ كرد و 26 چاودێری بۆ عێراق نارد، "هیوادار بووین ئەو ژمارەیە زیاتر بووایە، بەڵام بارودۆخی ئاسایش هاوكار نەبوو".
گوتیشی كە هەوڵیان داوە سەرپەرشتی پارێزگاكان بە تایبەت بەغدا و نەجەف و بەسرە و باكوور بكەن و توانیویانە چاودێری 363 وێستگە و 79 ناوەند بكەن، جەختیشیكردەوە ئەوان چاودێری پڕۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان لە 12 وێستگە دەكەن.