هه‌ولێر
جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان دیندار زێباری، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌باره‌ی پێشنیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ساز كرد.
رۆژی ٥ی حوزەیران نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوای له عێراق كرد كێشه ناوخۆییه‌كان، به تایبه‌تی پرسی نه‌وت و پابه‌ندبوون به جێبه‌جێكردنی فیدراڵی، چاره‌سه‌ر بكا، هەروەها کێشەکان له‌گەڵ هەولێر به دانوستان چاره‌سه‌ر بكرێن.
لە کۆنگرەکەدا دیندار زێباری گوتی: "پێشنیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له عێراق به تایبه‌تی پرسی نه‌وت و فیدراڵی و دابه‌شكردنی داهات، ئه‌وه‌یه کە پێویسته عێراق پابه‌ندبێ به جێبه‌جێكردنی سیستمی فیدراڵی و چاره‌سه‌ركردنی پرسی بودجه و نه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان."
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ساڵانه له رێی راپۆرتی نێرده‌ی له عێراق، پرسی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كێشه‌كانی ناو عێراق ده‌باتە ناو ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كا. بۆ ئه‌مساڵیش نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان عێراقی به قۆناغی راگوزه‌ر ناوبردووە و داوای له حكومه‌ت كردووە هه‌وڵی جدی بدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌ی كه وڵاته‌كه تێیكه‌وتووه.
زێباری ده‌ڵێ: "هه‌رێمی كوردستان وڵات نییه تا پابه‌ندی بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییەکان بێ، ئێمه به‌شێكین له عێراق. ئه‌وه عێراقه ده‌بێ پابه‌ندبێ به بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆییه‌كان بدا."
هه‌روه‌ها گوتیشی: "حه‌وت ساڵه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوای له عێراق كردووه پابه‌ندبێ به ده‌ستوور و جێبه‌جێكردنی فیدراڵی، به تایبه‌تی ساڵی 2007 و 2008 له پهیماننمانهی نێوده‌وڵه‌تی شه‌رمشێخی و ستۆكهۆڵم كه 97 وڵات تیایدا به‌شدار بوو و داوا له عێراق كرا له ماوه‌ی پێنج ساڵدا واته تا 2012، سیستمی فیدراڵی و سیاسه‌تی روون و شه‌فافی هه‌بێ له‌باره‌ی نه‌وت و بودجهوە."
زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق پابه‌ندی ئه‌و بڕیارانه نه‌بووه و تا ئێستا ئه‌و رێكکه‌وتنه‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه و "ئاماده‌ش نییه جێبه‌جێیان بكا."
له وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، دیندار زێباری گوتی: "داواکارییەکانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاشكران، بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش، ئه‌وانیش پێیانوایه سیاسه‌تی عێراق روون نییه."
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیکە له‌باره‌ی بۆچوونی ئه‌مریكا له‌سه‌ر كێشه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، زێباری گوتی: "ئه‌مریكا ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه كێشه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا به دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێ."
سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی پێشنیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له لایه‌ن عێراقه‌وه، زێباری گوتی: "دڵنیام عێراق ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر ناكا، چونكه ئه‌مه یه‌كه‌م جار نییه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوا له عێراق بکا كێشه‌ی نه‌وت و داهاتی گشتی وڵات چاره‌سه‌ر بكا و پابه‌ندی سیستمی فیدراڵی بێ."