Göksel Yıldırım,Ramal Abdullah Mahmood
26 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2017
ئەنقەرە – AA
وەزیری گومرگ و بازرگانی تورکیا نیهاد توفەنکچی رایگەیاند کە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق گەیشتوونەتە هاوڕایی بۆ کردنەوەی دەرەوازەی سنووری ئۆڤاکۆی.
لە میانی بەشداریکردن لە دیسکی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو، توفەنکچی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و لە بارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییە دوا.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە تورکیا چی دەکات دوای سەردانیکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بۆ ئەو وڵاتە بۆ گەمارۆخستنە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توفەنکچی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق هاوسێیەکی گرنگی تورکیایە. تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تورکیا هەمیشە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی تورکیا بووە و لە سەردانەکەی دوێنێی عەبادیشدا تەوەرەکانی وەک ئاسایش، نەوت و بازرگانی هێنراونەتە بەرباس.
توفەنکچی ئاماژەی بەوە دا کە بەپێچەوانەی ئەوەی دەگوترێ پشکی زۆری بارزگانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندییە نەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە دەروازەی سنووری خابوور کە تاکە دەروازەی سنووری نێوان تورکیا وعێراقە ساڵانێکی زۆر لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بووە و بەمهۆیەوە داهاتێکی باشی لەو دەروازەیەوە دەستکەوتووە.
توفەنکچی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی ناوەندیدابن و گوتی: "چاوەڕوانی ئەو هەنگاوانەین بۆ ئەوەی دەروازە سنوورییەکان بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی ناوەندی. لە کۆبوونەوەکاندا دووەمین دەروازەی سنووری کە دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆیە خرایە بەرباس. ئەم دەوازە سنوورییە لە رووی زەمینەسازی یاساییەوە کارەکانی تەواو بوون و چاوەڕوانی حکوومەتی ناوەندین هەنگاو بنێ لەمبارەیەوە. لەبارەی کردنەوەی دووەم دەروازەی سنووری گەیشتینە هاوڕایی. تاکو ئێستا بەهۆی ناکۆکی نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێم، نەکراوەتەوە. حکوومەتی ناوەندیش دەیەوێ ئەو دەروازە سنوورییە بکرێتەوە. پێویستە ئاسایشی رێگا بەدی بهێنین. لەوانەیە پەیەدە/پەکەکە، داعش و پێشمەرگه گوشار بخەنە سەر ئەو رێیە. لەم رووەوە پێویستە عێراق یاخود ئێمە ئاسایشی ئەو ناوچەیە دەستەبەر بکەین. دوای هەنگاونان لەمبارەیەوە دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆی دەتواندرێ بکرێتەوە. لە لای ئێمەوە کە بڕیارەکە درا رێگرێکی یاسایی نییە".
توفەنکچی ئاماژەی بەوەشدا کە لە ئەگەری بڕیارەکەدا رێڕەوەکە پێویستی بە پردێکە، ئەمەش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رێگای وشکانی پێی هەڵدەستێ.