Hemin Hüseyin
04 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2017
هەولێر - AA
لە دوو سەردانی جیاوازدا هەریەک لە شاندی پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک پارتی) و شاندێکی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی و پسپۆڕانی زانست و مامۆستایانی زانکۆ لە تورکیا سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد و لە دیدارێکدا باسی پێکەوەژیان و یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان کرا.
شاندەکەی هاک پارتی پێکهاتبوو لە جێگری سەرۆکی گشتی، عەبدولـلـەتیف ئیپۆزدەمیر و ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتەکە. شاندی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی پێکهاتبوو لە دکتۆر موسا کەڤاڵ و خاتوو سینەم بەردخان و ژمارەیەک کەسایەتی دیکە.
دوای دیدارەکە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە سەبارەت بە سەردانی ئەو دوو شاندە گوتی: "لەسەر رێنماییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەنابی مام جەلال ئێمە ئامادەی هەموو هەوڵێکین کە پەیوەندی بە پاشەرۆژی خەڵکی کوردستان و دروستکردنی یەکڕیزی هەبێت و بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر کێشەکاندا زاڵ بین و باوەڕمان بە گفتوگۆکردن هەیە بۆ هەر کێشەیەک".
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "ئێمە لەو دیدارەدا باسی ئەوەشمان کرد کە لە رابردوودا لە هەرێمی کوردستان شەڕی ناوخۆمان هەبووە و هیوادارم کە ئێوەش سوود لە رابردووی ئێمە ببینن و لە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگەوە هەوڵ بدرێت کە نەگاتە ئەم بارودۆخەی کە بەسەر ئێمەدا هات".
دکتۆر موسا کەڤاڵ گوتی: "ئێمە لەم دیدارەدا کۆمەڵێک وتوبێژمان کرد کە پێمان وایە هەموو کێشەیەک لە هەر ناوچەیەک پێویستی بە دیالۆگ و گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەرکردنیان و لەم سەردانەدا مەبەستمانە سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەین".