لە بارەی سەردانیان بۆ بەغدا، سەفین دزەیی گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو بەشێک لە ناوەڕۆکی باس و خواسەکانی نێوان شاندی هەولێر و بەغدا خستەڕوو.
دوێنێ دوو شەممە، شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق نوری مالیکی و جێًگری سەرۆکوەزیران حوسێن شەھرستانی کۆ بوونەوە.
سەفین دزەیی گوتی: "پێشتریش بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ پرسی نەوت، شاندی کوردستانی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا دوو جار کۆ بووەتەوە، سێیەمین کۆبوونەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ ئەو پرسە لە کەشوھەوایەکی باشدا ئەنجام درا، حوسێن شەھرستانی بە بەراورد لەگەڵ جاران ھەڵوێستێکی نەرمتری ھەبوو، بەڵام نەگەیشتینە ھیچ ئەنجامێک چەندین پێشنیار ئاراستە کراون، بڕیارە دانوستان بەردەوام بێ، لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی دیکە دەبەسترێ، ھەر دوولا بیروڕای خۆیان دەخەنە روو، ئاواتە خوازین بگەینە خاڵی ھاوبەش، بەڵام تا ئێستا نەمانتوانیوە بگەنە ھیچ ئەنجامێک.
دزەیی لە وەڵامی پرسیاری لایەنەکان چییان دەوێ؟ گوتی: ´حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای ئەوە دەکا پارەی ئەو نەوتەی دەفرۆشرێ راستەوخۆ بخرێتە بانکی ناوەندی لە ھەولێر و لەوێ بەشە بوودجەی خۆی کە ١٧%ی بودجەی عێراقە وەربگرێ. ئەوەی دەمێنێتەوە روانەی بەغدای دەکاتەوە، ئەگەر داھاتی فرۆشتنی نەوت کەم بێ ئەوا بەغدا تەواوی دەکا، لە بەرامبەردا بەغدا دەڵێ تەنیا کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆی ھەیە نەوت بفرۆشێ. بەڵام لە دوایین کۆبوونەوەدا گەیشتینە ئەو خاڵەی دەکرێ کۆمپانیای نەوتی باکوور و حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکەوە بە ھاوبەشی نەوت بفرۆشن. بڕیارە لەسەر ئەو فۆرمۆلە کار بکرێ."
دزەیی جەختیکردەوە ئەو نەوتەی تائێستا روانەی تورکیا کراوە، بەرمیلیكی لێ نەفرۆشراوە، لەبەر ئەوەی دانوستانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەردەوامە.
بەگوێرەی قدەکانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا رۆژانە لە بۆری نەوتبەرەوە نەوت ھەناردە دەکرێ بۆ بەندەری جەیهان لەوێ دەخرێتە خەزێنەوە.
دزەیی باسی ئەوەی کرد لە کۆبوونەوەکانی دوێنێ بەھۆی چڕبوونی گفتوگۆکان لە سەر پرسی نەوت، نەتوانراوە باس لە پرسی بودجە بکرێ. بەڵام نێچیرڤان بارزانی زۆر بە راشکاوانە ناڕەزایی خۆی لە بەرامبەر پرسی بودجە دەربڕی. لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: " پێشتر کێشە ماڵییەکانی بەغدا هەبوون کە پارە دوادەکەوت، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە بەغدا کێشەی ماڵی نییە بەڵکو ئەمە بڕیارێکی سیاسییە، بۆیە ئەو بارودۆخە قبۆڵ ناکرێ و پێویستە بە پەلە چارەسەر بکرێ. شاندی بەغدا بەڵێنی ئەوەی داوە بە پەلە لەگەڵ مالیکی دا باسی ئەو پرسە بکەن و چارەسەری بۆ دابنێن."
دزەیی رایگەیاند: بەغدا دەیەوێ چەند بڕگەیەکی یاسای بودجە وەکو سزادان لە بەرامبەر کوردستان بەکار بھێنێ، بەڵام هەولێر ئەو سیاسەتە قبوڵ ناکا.