دەوحە
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکدا باسی دابەزاندنی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەگەڵ میسر لە ئاستی باڵیۆز بۆ ئاستی ھەڵسوڕێنەری کاروبارەکان کرد و رایگەیاند: ھەموو کاتێک میسر و تورکیا دوو ھێزی گرنگی ناوچەکەن و رێزیان لەیەکتر گرتووە. ھەڵوێستی تورکیا لەبەرامبەر رووداوەکانی میسر کاریگەری لەسەر دۆستایەتی قوڵی لەگەڵ گەل و دەوڵەتی میسر نابێ.
داودئۆغڵو لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرایکرد ھەڵوێستی حکوومەتی تورکیا بە پرەنسیپەکانەوە گرێدراوە و رایگەیاند: لەماوەی سەدی ساڵی دوایی بۆ یەکەمین جار ھەڵبژاردنێکی دادپەروەر و شەفافی سەرۆکایەتی کۆمار لە میسر بەرێوەچوو و لەو ھەڵبژاردنە بۆ یەکەم جار گەلی میسر ئیرادەی خۆی نیشاندا.
داودئۆغڵو پێیوایە ھەڵوێستی وڵاتەکەی لەمەڕ کودەتای ٣٠ی تەمموزی رابردوو رێزگرتنە لە خەڵکی میسر و رایگەیاند: دوای کودەتا تا ئەمڕۆ بەمەبەستی گەڕانەوەی دیموکراسی بۆ میسر بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشداریان لەھەموو پڕۆسەکان کردووە و لەناو ھەموو دەستپێشخەریەکان جێگایان ھەبووە.
داودئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دۆستایەتی گەلی تورکیا و میسر ھەمیشەییە، قەیران دیاریدەیەکی کاتیە. سەقامگیری میسر بڕبڕەی پشتی ناوچەکە و کۆمەڵگەی عەرەبیە، راستەوخۆ پەیوەندی بە سەقامگیری ناوچەکەوە ھەیە."
داودئۆغڵو بەبیری ھێنایەوە کە لە رابردوو باڵیۆزی تورکیا لە قاھیرە بە نیازێکی پاک و بەمەبەستی راوێژکاری بانگ کردووە دواتریش گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی. لەمبارەیەوە گوتی: " بەڵام دوێنی، دەسەڵاتی کاتی کە دوای کودەتای ٣٠ تەمموز ھاتۆتە سەر کار، بڕیارەکەی خۆی بە ئێمە راگەیاند. ئێمەش بەھەمان شێوەی ئەوان وەڵاممان دانەوە. ئەمەش بەرگریە لەو پڕەنسیپانەی کە باوەڕمان پێیە."