Hemn Baban
06 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2018
ھەولێر - AA
چەندین ھەڵەی زمانەوانی و لادان لە دەقی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران روویدا و ھیچ ھەڵەیەکیش راست نەکرایەوە.
ھێشتا چەند خولەکێک مابوو بۆ دانیشتنی کردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، دەیان کاندیدی سەرکەوتوو کە بەشێکیان بەجلی کوردی و بەشێکیان بە جلی نەتەوەیی خۆیانەوە وەکو ئێزدییەکان، تورکمانەکان، بەشێکی دیکەش بە جامانەی سوور و ھی رەشیشەوە لەنێو ھۆڵی کۆبوونەوەکان سڵاویان لەیەکتر دەکرد و سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن بوون بۆ دانیشتنی سوێندی یاسایی.

لێرە لەنێو ھۆڵەکەدا زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار لە کۆی ١١١ پەرلەمانتار کە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەجۆش و خرۆشەوە تیلەیان دابوویە چوار ساڵی ئایندە بە ئومێدی ئەوەی بتوانن خزمەتی هاووڵاتییان بکەن.
کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی کردنەوەی خولی پێنجەمی خۆی بەست و سەرەتا بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی پەرلەمان دانیشتنەکەی کردەوەو بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی خوێندەوە.
بەپێی خاڵەکانی بەرنامەی کار، دانیشتنەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدان لەگەڵ مارشی سروودی ئەی رەقیب و خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد، دواتر بانگھێشتی بەتەمەنترین ئەندامی پاڵێوراو کرا کە "رێڤنگ محەمەد ھروری"یەوە بوو لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ سوێندخواردنی یاسایی و بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە وەک لە پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەماندا ھاتووە.
ئەگەرچی ئەوەی تێبینی دەکرا چەندین پەرلەمانتار بە زمانی کوردی و لە پاڵ ئەویشدا بە شێوەزاری بادینی، ھەورامی، ھەروەھا پەرلەمانتارانی پێکھاتەکانی تورکمان، سریان و کلدان ئاشوور بە زمانی خۆیان سوێندی یاساییان خوارد و ئەمانەی دواییش دەستییان لەسەر ئەو ئینجل دانابوو کە لە پاڵ قورئانێکەوە لەسەر مێزەکە دانرابوو، بەڵام بەگشتی چەندین پەرلەمانتار لەو دەقەی لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا دیاریکراوە کە دەقی سوێندخواردنەکەیە لایاندا و بەھەڵە سوێندیان خوارد.

لە ھۆڵەکەدا کە پتر پڕبوو لە دەموچاوی گەنج و نوێ و کەمتر دەموچاوی دووبارەی تێدا دەبینرا کە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕییان نەدەکرد، دوو دیارترین سەرۆکی لیستەکان دیار نەبوون و سوێندییان نەخوارد لەوانە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆکی ئەو لیستە، شاسوار عەبدولواحید.
دواتر لە لایەن سەرۆکی دانیشتنەکە بانگھێشتی یەکە بەیەکەی ئەندامانی خولی تازەی پەرلەمان کرا بۆ سوێندخواردنی یاسایی و شێوازی سوێندخواردنەکەش بەپێی ریزبەندیی ناوەکان بوو.
بەمجۆرە سەرۆکی دانیشتنەکە پیرۆزبایی لە ئەندامانی خولی نوێی پەرلەمان کرد و ھیوای خواست خولی نوێی پەرلەمان بەگیانێکی کوردستانییانە و بەیەک تیمی خزمەت بەگەلی کوردستان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەن.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەڵبژێردرێت، بەڵام لەسەر داوای چەندین فراکسیۆن، دانیشتنەکە بەکراوەیی بەجێ ھێڵدرا.

ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "ئەمڕۆ ئێمە وەکو ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییمان خوارد و ئەوەی گرنگ بوو ئێمە بە زمانی نەتەوەیی خۆمان سوێندەکەشمان خوارد، ئەوەی روویدا لە جێھێشتنی دانیشتنەکە بە کراوەیی و ھەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی لە یەکەم دانیشتن کە بەپێی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت بکرێت نایاسایی بوو، بەڵام ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی پۆستەکان و حکوومەتی ئایندە".