سەڵاحەددین
پیاوە ماقولانی گوندەکانی بەیات لە ناحیە سلێمان بەگ و دەوروبەری خوێنیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بەخشی کە پارێزگاری لە ناوچەکە دەکەن. لە نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک زیاتر لە سەد کەس خوێنی بەخشی.
ئەوانەی خوێنیان بەخشی خەڵکی گوندەکانی عەرەب نشینی سەر بە شارۆچکەی خورماتوو بوون و سەرۆکی ئەنجوومەنی عەشیرەتەکانی بەیات لە دوزخورماتوو، شێخ سامی ئەلبەیاتی یەکێک لە خوێن بەخشەکان بوو.
ئەلبەیاتی لە روونکردنەوەیەکیدا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "ئێمە وەک سەرۆکی عەشیرەتەکانی ناوچەکە بڕیارمان داوە پشتگیریی و ھاوکاریی ھێزەکانی پێشمەرگە بکەین کە لەم ماوانەی دوایی ناوچەکانمانیان رزگار کردووە. خوێن بەخشینەکەی ئەمڕۆ بۆ پێشمەرگە پشتگیرییەکی سیمبۆلییە. دەمانەوێت بەھۆی ئەم پشتگیرییەوە چاوی دوژمنان کوێر بکەین. ئەم قارەمانانە بۆ ئێمە کاری زۆر گەورەیان کردووە. بۆ ئەوەی ویژدانەکانمان بحەسێتەوە ھاوکارییەکی بچووکمان ئەنجام دا. لە ناخۆشترین کاتدا برا کوردەکانمان خاوەنداری ئێمەیان کردووە".
لەو بارەیەوە بەرپرسێکی پۆلیسی کەرکووک بە ناوی عەمار ئەحمەد رایگەیاند: "١٠٢ کەس خوێنی بەخشیووە و رێژەکە تا دێت بەرز دەبێتەوە. خەڵکی شارۆچکەی دوزخورماتوو و گوندەکانی دەوروبەری بە تایبەتی دەیانەوێت پشتگیری و ھاوکاریی پێشمەرگە بکەن".