دهۆك - رهوان نهێلى
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنیری و هونەری پارێزگەی دهۆك ئەیوب رەمەزان لە گوتەیەكدا سوپاسی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی كرد كە پاڵپشت بووە بۆ سەركەوتنی فێستیڤاڵەكە و گوتی: "پرۆگرامەكانی فێستیڤاڵ بە سەركەوتوویی لە شاری دهۆك كۆتایی پێ هات، ئەو شارەی كە زیاتر لە 800 هەزار ئاوارە و پەنابەری لێ یە كە نزیكەی ژمارەی نێشتەجێبوونی خەڵكی دهۆكە، ئەو شارەی كە درێژترین سنووری شەر لەگەڵ داعش هەیە و تاوەكو ئێستا 445 شەهیدی داوە، بۆیە سەركەوتنی فێستیڤاڵ دەكەینە دیاری بۆ پێشمەرگەكانی سەربەز و خێزانەكانی شەهیدان، لەبەر ئەوەی ئەمە بەرهەمی ئازایەتی ئەوانە و شەڕكردنیان بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان".
سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك لە 9/9/2015 تاوەكو 16/9/2015 لە دهۆك بەردەوام بوو، كە 137 فیلم بەشدار ببوون 44 فیلمی كوردی و 93 فیلمیش بیانی بوون و لە كۆتا رۆژدا دەست كرا بە دابەشكردنی خەڵاتەكان، وەك هەر ساڵ یەكێتیی نووسەرانی كورد، لقی دهۆك خەلاتێك پێشكەش دەكات بۆ باشترین سیناریوی فیلم و ئەم ساڵ لقی دهۆكی یەكێتیی نووسەران خەڵاتەكە پێشكەشی هیشام زەمان كرد بۆ فیلمی "نامەیەك بۆ پاشا" كە كێشەی پەنابەران بەرچاو دەخات.
هەروەها خەڵاتی پارێزگەی دهۆكیش كە هەمووساڵێک پێشكەش دەكرێت بە باشترین فیلم كە لە دهۆك دروست بەرهەم هاتبێت، ئەمسالیش پێشكەش بە دەرهێنەری كورد شەوكەت ئەمین كوركی كرا كە دیمەنەكانی فیلمەكەی "بیرەوەرییەكانی سەر بەرد" لە شاری دهۆك گیراوە.
دواتر چەندین خەڵاتی فێستەڤاڵە دابەشكران لەوانە، ئانا روسیلون خەڵاتی باشترین دیكیومێنتاری نێودەولەتی بەدەست هێنا، رێكێش شەهباز خەڵاتی باشترین دیكیومێنتاری كوردی، هیوا ئەمین خەڵاتی باشترین فیلمی درێژی كوردی، تەحسین عوسمان خەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای دهۆك بۆ باشترین كورتە فیلمی كوردی بەدەست هێنا و خەڵاتی یەلماز گونای بۆ باشترین فیلمی درێژی نێودەوڵەتی پێشكەش بە كان موجدەتی كرا لە فیلمی سیڤا كە ماوەكەی 97 خولەکە.
هەروەها شەوكەت ئەمین كوركی خەڵاتی باشترین ئەكتەری كورد و هیشام زەمان خەڵاتی باشترین سیناریو و فەریدە گەزەر خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچ و خەڵاتی باشترین ئەكتەری كورد فەیاز دومان بەدەستی هێنا.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە 9/9/2015 لە رێوڕەسمی كردنەوەی فێستیڤاڵەكە لە گوتەیەكدا رایگەیاندبوو "بەردەوامی ئەم ڤیستیڤاڵە لە دهۆك لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان كە بە ژمارەیەك كێشە و قەیرانی سیاسی و ئابووری و دارایی تێدەپەڕێت و شەڕێكی گران بەسەر كوردستاندا سەپێنراوە، جێگەی خۆشحاڵییە و بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگریشە كە گەلی كوردستان سەرەڕای هەموو سەختییەكان، گەلێكی زیندووە و دەستبەرداری پێشكەوتن و خۆشەویستی بۆ ژیان نابێت".