Zana Natık Kerem
24 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2017
بەغدا
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی فەرمانی بۆ هێزی ئاسمانی عێراق دەركرد كە شوێن و ئامانجەكانی داعش لە سووریا بۆردوومان بكەن.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، حەیدەر عەبادی دووبارە جەختی كردووەتە لەوەی لایەنی مرۆیی بنەمایەكی سەرەكی ئۆپەراسیۆنەکانە و گوتیشی: " سەرەتا هێزەكانی عێراق مرۆڤ رزگار دەكەن دواتر خاك ئازاد دەكەن".
حەیدەر عەبادی داواشی لە هێزەكانی عێراق كردووە كە هەوڵەكانیان زیاتر بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی بخەنە گەڕ و هەروەها رێرەوی ئارامی بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی دابین بكەن.
سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای ئەوەشی كردووە كە هێزەكانی هیچ دەرفەتێك نەدەنە داعش لەوەی ریزی چەكدارەكانی رێك بخاتەوە و هەروەها داوای لە هێزەكانی عێراق كردووە كە لەبارەی نەخشە و پلان و زانیارییە سەربازییەكان بەئاگا و هوشیاربن و ئاشكرایان نەكەن، نەوەك دژومن سوودی لێ ببینێت.
حەیدەر عەبادی لە بەیاننامەکەدا داوای لە دانیشتووانی موسڵ كرد كە هاوكاری هێزەكانی عێراق بكەن بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە تا ئێستا لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدان.
سەرۆكوەزیرانی عێراق، جەختی لەوەش كردووەتەوە كە هێزەكانی عێراق بە سەركەوتوویی ئۆپەراسیۆنەكەیان ئەنجامداوە و هەروەها ستایشی پاڵەوانێتی و ئازایەتی و قوربانی هێزەكانی عێراق كردووە لە شەڕەكانی دژ بە داعش لە مووسڵ.
لە كۆتاییدا حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە فەرمانی داوەتە بەهێزی ئاسمانی عێراق كە شوێن و ئامانجەكانی داعش لە حسێبە و ئەلبوكەمال لە سووریا بۆردوومان بكەن كە داعش ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خۆكوژەكانی ئەم دواییە كە لە شاری بەغدا تەقینەوە داعش لەو ناوچانەی سووریا رەوانە كردبوو.