ھەولێر
کاندیدو سەرۆکی لیستەکان دەڵێن بەڵگەی تەواویان لە بەردەستە ھەڵمەتی دڕاندنی پۆستەرو فلێکسی بانگەشەکانیان بە بەرنامەیە، بەڵام راستەوخۆ ھیچ لایەنێ تاوانبار ناکەن بەو کارە.
بەڵام پارێزگاری ھەولێرو لیژنەی ئەمنی شارەکە ستایشی بەڕێوەچوونی بانگەشە دەکەن لەھەولێرو دەڵێن بەبێ کێشەو ئاڵۆزیی گەورە تێپەڕێوە.
شوان قەڵادزێی گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو AA گوتی" تێبینیمان کردووە، لەشاری ھەولێر لافیتە و ریکلامەکانمان تەمەنیان درێژ نەبووەو ھەرزوو لێکرانەوە، چەند رۆژێک بوو ھەڵمان واسیبوون کەچی لەلایەن کەسانی دیکە لێکراونەتەوە یان پۆستەری دیکەیان بەسەردا ھەڵواسراوە، ئەوە پێشێلکارییەکی روونە، رەنگە کەسانێ ھەبن حەزیان بەخراپەکاریی بێ، بەڵام بەو شێوەیە دڵنیاین بەرنامە بۆ داڕێژراوە. ئێمە بەرپرسیارێتی پاراستنی پۆستەری بانگەشەکانمان دەخەینە ئەستۆی ئیدارەی ھەولێرو دامەزراوە ئەمنییەکان".
ھەروەھا بزووتنەوەی گۆڕان لەشاری ھەولێر رایدەگەیەنێ پێشێلکاریی زۆریان لای خۆیان تۆمار کردووە لەبارەی ھەڵمەتی بانگەشەو ئەوانیش دەڵێن دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش نەیانتوانیوە پارێزگاری بکەن لەپۆستەرو فلێکسەکانیان.
ھێمن ئەنوەر، بەرپرسی کاروباری ھەڵبژاردنی گۆڕان لەشاری ھەولێر گوتی"کۆمەڵێ تێبینی بەرچاومان ھەیە لەسەر بانگەشەی ھەڵبژاردن لەشاری ھەولێر، بەتایبەتی دەزگا حکومییەکان نەیانتوانیوە رێگری بکەن لە دڕاندن و سوتاندنی پۆستەری کاندیدەکانمان، ئێمە ئەو بەڵگانە لەکاتی خۆیدا دەخەینە بەردەستی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن".
وەکو وەڵامێک بۆ ئەو لایەنانەی رەخنە لە حکومەت دەگرن لەشاری ھەولێر، رۆژی یەکشەممە (١٥ی ئەیلول) پارێزگای ھەولێر لەلێدوانێکی چاپەمەنیدا رایگەیاند "رۆژانە ھەزاران کارمەندی حکومەت لە ئاسایش و پۆلیس و ھاتوچۆو شارەوانی خەریکی کارو خزمەتن. بەرێوەچوونی ئاشتیانەو دیموکراسیانەی پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردندان، بەھەول و کۆششی ئەوان ئارامی و سەقامگیری بەرقەرارەو ھیچ کێشەو ئاریشەو رووداوی ناخۆش رووینەداوە، لەشاری ھەولێر پرۆسەی بانگەشە بە سەرکەوتوویی بەرێوە دەچێ".
لەڕاگەیانراوەکەیاندا پارێزگای ھەولێر دەڵێ ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی نییە بیسەلمێنێ حکومەت و پارێزگا بێلایەن نەبووبن، ئەوان بێ جیاوازییکردن دەرفەتیان رەخساندووە بۆ بانگەشەکارانی حیزب و لایەنەکان.