نیویۆرک
مارک لایەڵ گرێنت، نوێنەری ھەمیشەیی بەریتانیا لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد پێشبینی دەکرێ راپۆرتی تیمی لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن (بان کی مۆن) ئەمڕۆ دووشەممە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش بکرێ.
دوێنێ گوتەبێژی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووە لەسوریا، راپۆرتی بەکارھێنانی چەکی کیمیاییان ئامادە کردووەو دەیگەیەننە بان کی مۆن.
ئەو راپۆرتە سەبارەت بە بەکارھێنانی چەکی کیمیاییە لەسوریا لەڕۆژی٢١ی ئاب، پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی تیمەکەیان پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات.
مارک لایەڵ لەپەیجی تایبەتی خۆی لە (تویتەر) نووسیویەتی "چاوەڕوان دەکەم ئەو راپۆرتەی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ھێرشی کیمیایی لەناوچەی غۆتە لەڕۆژھەڵاتی شاری دیمەشق ئامادەی کردووە، رۆژی دووشەممە لەلایەن بانکی مۆن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش بکرێ".
لەدوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەسوریا، بە فشاری نێودەوڵەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تیمێکی نارد بۆ ئەو وڵاتە بۆ لێکۆڵینەوە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا راپۆرتەکە دەیسەلمێنێ لەو وڵاتەدا چەکی کیمیایی بەکارھێنراوە .
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا ، رژێمەکەی بەشار ئەسەد بە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی تۆمەتبار دەکەن. روسیاش بانگەشەی ئەوە دەکا ھێرشەکە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە ئەنجامدراوە.
لەو ھێرشەدا کە بووە ھۆی کوژرانی نزیکەی ١٥٠٠ کەس زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند: دەکرێ بۆ سنووردانان بۆ دەسەڵاتی بەشار ئەسەد گورزی سەربازیی لێ بووەسێنن، بۆ ئەو مەبەستە ئیدارەی ئۆباما داوای مۆڵەتی لەکۆنگرێس کردو کۆنگرێسیش مۆڵەتێکی سنوورداری پێدا بەو مەرجەی راستەوخۆ سەربازی ئەمریکا نەچنە ناو سوریاوە.
لەدوای توندبوونەوەی ھەڕەشەکان لەسەر رژێمی بەشار ئەسەد، لەسەر پێشنیاری روسیا کە ھاوپەیمان و دۆستیی سوریایە، بەشار ئەسەد بەڵێنی دا لە کاتێکی دیاریکراودا سەرجەم چەکە کیمیاییەکانی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی شارەزایانی نێودەوڵەتی بەچاودێری ئەمریکا.