قارەمان ماڕەش
ماھیر ئۆنەڵ، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دادو گەشەپێدان AKP لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێ ئەوانەی دژی گۆڕینی دەستووری تورکیان، کۆسپ دەخەنە بەردەم ھەنگاوەکانی پەرلەمان بۆ ئامادەکردنی دەستوورێکی تازە ، چونکە دەزانن بە گۆڕینی دەستووری تورکیا سیستمی ئیدارییش گۆڕانی بە سەردا دێ.
ئۆنەڵ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا لەشاری (قارەمان مارەش) گوتی "ئاکەپە لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا لەزۆر بواردا تورکیای ئازاد کردووە، باش دەزانێ ئازادی لەوڵاتێکی دەوڵەمەند دا لەبواری کۆمەڵایەتیش دەرئەنجامی زۆر باشی دەبێ، بۆیە پێویستە بەگوێرەی ھەلومەرجی تازە سیستمی نوێ دابمەزرێ".
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دادو گەشەپێدان ھەروەھا گوتی " داواکاریی ھەرە گرنگی مرۆڤ ئازادییە ئاکەپەیش ماوەی ١٠ ساڵە لەزۆر بواردا تورکیای ئازادو دەوڵەمەند کردووە، ئەگەر بێتو ترس لە سەر کۆمەڵگە نەمێنێ ئەوا کۆمەڵگە بۆ خۆی ئازاد دەبێ. بۆ ئەوەی لە تورکیا ئازادیی ئینسان بە یاسا گرەنتی پێبدرێ ئەوا پێویستە سیستم بگۆڕدرێ، بەردی بناغەی ئەو سیستمانەی دەستووری بنەڕەتییە".