ئەنقەرە
لەکۆبوونەوەکەدا ھەر دوولا باسیان لە بارودۆخی سوریا کرد لەدوای رێککەوتننامەی ئەمریکا و روسیا لە سەر چەکی کیمیایی ئەو وڵاتە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا (ئەحمەد داود ئۆغڵو) لەگەڵ بەپرسانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کۆبوویەوە و تاوتوێی دواین پێشھاتەکانی سوریا و ناوەڕۆکی رێککەوتننامەی ئەمریکا و روسیایان کرد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دراونەتە ئاژانسی ئانادۆڵو AA وا بڕیارە داود ئۆغڵو لەسەردانی بۆ (پاریس) کە ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجامی دەدا، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا کۆ بێتەوە. بۆیە بەر لە چوونی بۆ پاریس، لەگەڵ ھێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بیروڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
لەکۆبوونەوەکەدا داود ئۆغڵو ستایشی بەشدارییکردنی ھێزە کوردییەکانی کردووە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنی سوریاو بە "ھەنگاوێکی گرنگ" وەسفیکردووە.
دوێنێ یەکشەممە ھێزە کوردییەکانی سوریا رایانگەیاند چوونە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سوریاو لەگەڵ ئەو بەرەیەدا دژی رژێمی بەشار ئەسەد خەبات دەکەن.