Heman Hussein Yaseen
21 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2022
هەولێر - AA
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە کە بەتوندترین شێوە ھێرشی شەوی رابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر ھەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات و راشیدەگەیەنێت کە ئەم پێشێلکارییانە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
لە راگەیەنراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، ئەم شاڵاوە لە دژی ھەرێمی کوردستان رابگرێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەقامگیریی، ھەرگیز لە رێگەی توندوتیژییەوە دەستەبەر نابێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوا لە دۆست و ھاوبەشانی لە حکوومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی دەکات کە ھەڵوێستێکی روون و راشکاویان بەرامبەر ئەم ھێرشە بەردەوامانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەبێت.