ھەولێر
سکرتێری گشتی حیزبی شیوعی کوردستان دکتۆر کەمال شاکر، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: لە بەر ئەوەی دیار نییە دانوستانەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەکوێ دەگا، جارێ بڕیاریان نەداوە بەشداریی کابینەی ھەشت بکەن.
شاکر گوتی: "تازە لایەنە براوەکان دەرگای وتووێژیان کردووەتەوە لەگەڵمان، جارێ نازانین داواکارییەکانمان چۆنچۆنی پێشوازیی لێدەکرێ، دواتر بەپێی ھەڵسەنگاندنی وەڵامەکان بڕیار لەسەر بەشدارییکردن دەدەین. وەکو حزبی شیوعی گرفتمان لەگەڵ لایەنە نەتەوەیی و عەلمانی و ئیسلامییەکان نییە، بۆیە بەشدارییکردنمان دەوەستێتە سەر داواکارییەکانمان."
سکرتێری حزبی شیوعی ئاماژەی بەوەدا پەیوەندیی بەھێزیان لەگەل لایەنە ئیسلامیییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە. لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "قۆناغی ئێستای ھەرێمی کودستان گرفتمان لە جیاوازیی ئایدۆلۆژیی نییە، لە بەر ئەوە خۆمان بە وردەکاریی و پرسی فیکری و ئایدۆلۆژییەوە سەرقاڵ نەکردووە، بەپێچەوانەوە حزبی شیوعی پەیوەندیی ھاوبەش و موشتەرەکاتی سیاسی لەگەل لایەنە ئیسلامییەکان ھەیە."
حزبی شیوعی کوردستان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢١ی ئەیلولی ئەمساڵ، کورسییەکی مسۆگەر کرد.
لە کابینەکانی پێشووتری حکومەتی ھەرێم، بەردەوام بەشداربوون و پۆست و وەزارەتیان پێدراوە.