واشنتۆن
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا باراک ئۆباما لەبارەی رێکەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی گروپی ٥+١ گوتی: " ئەمڕۆ دەرفەتێکی گەورە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشاتیانەی بەرفراوان ھەیە، پێموایە دەبێت ئەمە تاقیبکەینەوە. ئەمڕۆ کە ھەنگاوی یەکەمین نراوە، بە کردەوە ھەنگاوێکی بەرچاوە و لە رۆژی وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوومە ھەوڵمداوە لەگەڵ ئێران بگەینە ئەو قۆناغە."
ئۆباما لە کۆشکی سپی دەربارەی رێککەوتنی ئێران لەگەڵ پێنج ئەندامە ھەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لێدوانێکی بڵاوکردەوە.
ئۆباما رایگەیاند: ئەمڕۆ گروپی وڵاتانی ١+٥ دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و چارەسەریەکی ریشەیی ھەنگاوێکی گرنگیان ناوە. ئەوان لە رێگریکردن لە ئێران بۆ ئەوەی چەکی ناوەکی بەدەست نەھێنێ سوورن و ئەوان دەزانن ئەو مەسەلەیە بە رێگەی ئاشتی چارەسەر بکەن.
ئۆباما ئاماژەی بەو رێوشوێنانە کرد کە بەڕێوەبەرایەتیەکەی لەدژی ئێران گیراونەتە بەر و پێیوایە لەسایەی ئەو کردەوانە دەرفەتی کاری دپلۆماسیانە سەریگرت. بەبیریشی ھێنایەوە کە ئەو لەوبارەیەوە دیپلۆماسیەتێکی چڕوپڕی گرتۆتەبەر، باسی ھەوڵەکانی خۆی و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی جۆن کێری کرد و گوتی: "ئەمڕۆ دیپلۆماسی بۆ چارەسەری پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران ئەنجامی ھەبوو، ھەروەھا نیشانیشیدا کە رێگە بۆ جیھانێکی ئارامتر و بێ چەکی ئەتۆمی خۆش دەکات."
ئۆباما ھەروەھا گوتی: " سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین یەکەم ھەنگاو نراوە، بەڵام شتی گرنگیش بەدەستھاتوون، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوو یەکەم جارە ئێران پرۆگرامی ئەتۆمی خۆی رادەگرێت و کلیلەکانی ئەو بەرنامەیە بێ کاریگەر دەکات."
ئۆباما ھەروەھا باسی ئەو ماددانەی کرد کە لەوانەیە ئێران بۆمبی ئەتۆمی بەکار ھێنابا و گوتی: "پوچەڵکردنەوەی ماددانە دەبێتە ھۆی رێگرتن لە ئێران لەبەدەستھێنانی بۆمبی ئەتۆمی."
ئۆباما لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ئەگەر ئێران ئەمە رەتبکاتەوە، لەژێر فشار و ئابڵۆقە دەمێنێتەوە و کاتی ئەوە نیە رێوشوێنی دیکە لەدژی ئێران بگرینەبەر."
ئۆباما ئاشکرایکرد ئەوان وەک ئەمریکا لەم قۆناغە مافی ئەوەیان ھەیە گومان لە ئێران بکەن و ئەوان پەیوەست دەبن بەو بەڵینانەی بە ئیسڕائیل و وڵاتانی کەنداو و ھەموو دۆستەکانیان داوە. دووپاتیشی کردەوە کە چارەسەری ریشەیی بۆ پرۆگرامی ئەتۆمی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی تاران، تەنیا بە رێگەی دیپلۆماسی پێشدەکەوێ.
لەمبارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ بۆ گەیشتن بە چارەسەریەکی فراوان و ریشەیی دەرفەتێکی راست لەبەردەستدایە، ھەوڵ دەدەین مەسەلەیەک چارەسەر بکەین کە ١٠ ساڵە ھەڕەشە لە ئێمە و ھاوپەیمانەکانمان دەکا، ھەوڵ دەدەین چاودێری ئەو رێککەوتنە بکەین کە دەبێتە مایەی چارەسەریەکی بەردەوام و بەرفراوان. ئەوە بە ئاسانی ناکرێ، ئاستەنگی زۆرمان بۆ دروست دەبێ."