Hemn Baban
15 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2016
هەولێر
بلینكن دوێنێ چوارشەممە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆبوویەوە، نوێنەری باراك ئۆباما لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش، برێت ماكگۆرك و ژمارەیەك بەرپرسی دیكە هاوەڵی بلینكن دەكەن لەم سەردانەیدا.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە جێگری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەنتۆنی بلینكن گەیشتە هاوینە هەواری پیرمام و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی كۆبوویەوە.
بلینكن كە لەگەڵ شاندێكدا لە هەریەك لە نێردەی تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، برێت مەكگۆرك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك، جۆزێف پێنیگتۆن و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی ئەمریكی سەردانی بارزانییان كرد پاش گەیشتنی بۆ لای سەرۆكی هەرێم هەریەك لە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش مسرور بارزانی، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم دکتۆر فوئاد حوسێن، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، فەلاح مستەفا لە پێشوازیی شاندەكەدا بوون.
بەپێی زانیارییەكانی بەرپرسانی ئەمریكا لە عێراق و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا بلینكن بۆ باسكردنی چەند بابەتێكی سەرەكی سیاسی و ئابووری و مرۆیی و ئاسایش لەگەڵ بەرپرسە حكومییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە نێویاندا هاوبەشیی درێژخایەن لەگەڵ عێراق لە سایەی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی سەردانی عێراق دەكات.
دوێنی چوارشەممە 14ی ئەیلوول جێگری وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینكن لە بەغدا چاوی كەوت بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی و بەرپرسانی دیكە بۆ باسكردنی ژمارەیەك بابەت لەنێوانیاندا هەوڵەكان بۆ بەزاندنی داعش و پلاندانان بۆ هێرشی سەر مووسڵ و دەرکردنی داعش لە مووسڵ و عێراق، هەروەها بلینكن چاوی كەوت بە بەرپرسە باڵاكانی سوپای ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ باسكردنی هەوڵەكانی هاوپەیمانان و پشتیوانی بەردەوامیان بۆ هەموو پێكهاتەكانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق كە لەژێر فەرمان و دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقدان.
بەپێی زانیارییەكان، ئەنتۆنی بلینكن لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و بەرپرسانی ئاسایش باس لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ دەكات، لە پاڵ ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە، هەروەها پاڵپشتیی ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگە و وەڵامدانەوەی پێویستییە هەنووكەییەكانی ئاوارەكانی عێراقیش باس دەكرێت و چاوەڕوان دەكرێت كۆبوونەوەی تێروتەسەل لەبارەی ئەو مەسەلانەوە لەگەڵ سەرۆكی هەرێم بكرێت.