هەولێر
بەپێی قسەكانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر قوربانیانی تەقینەوەكەی دوێنێ دوو كەس بوون لەگەڵ هەشت بریندار.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دكتۆر سامان بەرزنجی لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد كە ئەوان تا درەنگی شەوی رابردوو سەرقاڵی پشكنین و لێكۆڵینەوە بوون لە تەرمی ئەو دوو كەسەی كە بەهۆی تەقینەوەكەی دوێنێ هەینی لە نزیك كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە شارۆچكەی عەنكاوە كاتژمێر 5:40 خولەك روویدا بوونە قوربانی.
لەو بارەیەوە بەرزنجی گوتی: "لەبەر تێكچوون و سووتانی تەواوی جەستەیان تا درەنگانی شەوی رابردوو لەگەڵ دەزگاكانی ئاسایش و كونسوڵخانەی توركیا لەهەولێر لەسەر هێڵ بووین بۆ زانینی ناسنامەی ئەو دوو كەسەی لە تەقینەوەكەی عەنكاوە شەهید بوون، بەڵام ئەم بەیانییە دوای پشكنینی ورد بۆمان دەركەوت كە ئەو دوو شەهیدە كە لە كافێ نێلی بەرامبەر بە رووداوەكە لە نزیك كونسوڵخانەی ئەمریكا لە عەنكاوە دانیشتوون هاووڵاتی توركیان و خەڵكی باكووری كوردستانن".
بە پێی زانیارییەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو قوربانییەكان هەریەك لە بڵند ئۆنەن و سەعدەدین شان بوون كە یەكەمیان بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی كاشی بووە لە هەولێر و ئەوەی دووەمیشیان لە كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی كاری كردووە".
لەبارەی وردەكاری ناردنەوەی تەرمی قوربانییان دكتۆر سامان بەرزنجی بۆ ئانادۆڵو گوتی:" ئەمڕۆ ئەو دوو تەرمە دەبرێنەوە توركیا، ئێستا ئەمبوڵانسەكانی ئێمە تا سەر سنوور لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ئەو تەرمانە دەگەیەنن، ئەگەر پێویستیش بكات تا زێدی خۆیان دەیگەیەنین".
گوتیشی: "بنەماڵەی ئەو دوو قوربانییە پاش پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دوو كەسە خۆیان گەیاندووەتە هەولێر و ئێستا لە پزیشیكی دادیین".
دكتۆر سامان بەرزنجی لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "دواین ئاماری قوربانییانی تەقینەوەكەی دوێنێی شارۆچكەی عەنكاوە دوو شەهید و هەشت بریندارە كە لە نێو بریندارەكانیش تورك و ئەمریكی و دانیشتووی هەولێر و عەنكاوەش هەیە و زۆرینەیان رەوانەی ماڵەوە كراون و پێدەچێت ئەمڕۆ تەنها یەكێكیان پێویست بكات لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە".
دوێنێ هەینی كاتژمێر 5:40ی ئێوارە لە شارۆچكەی عەنكاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو لە نێوان بنكەی پۆلیسی عەنكاوە و كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا و بەرامبەر بە كافتیریای نێلی كە كافتیرییایەكە بە زۆرینە بیانییەكان و بە دیاریكراویش توركەكان لەوێ دادەنیشتن تەقییەوە و بەوەش دوای نزیكەی پێنج مانگ ئەوە بە تەقینەوەی یەكەم دادەنرێت لە دوای تەقینەوەكەی بەردەم پارێزگای هەولێر لە 19ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو.