واشنتۆن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ماری ھارف لە بەیاننامەیەكدا كردەوە تیرۆریستییەكەی بەردەم كۆنسوڵخانەی وڵاتەكەی لە شاری ھەولێر كە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی ئیدانە كرد.
ھارف لە بەیاننامەكەدا سەرەخۆشی لەكەسوكاری قوربانیان كرد و ھیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.
لەبەیاننامەكەی هارف دا ھاتووە، "ھیچ كارمەندێكی كۆنسوڵخانەكەمان زیانی بەرنەكەوتووە، خۆشحاڵبووین لەبەرامبەر ھەوڵەكانی بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان كە بە خێرایی كۆنترۆڵی رەوشەكەیان كردووە".
ھارف لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئاشكرایكردووە، "كە لێكۆڵینەوەی بەرپرسان بۆ زانینی چۆنیەتی روودانی تەقینەوەكە بەردەوامە و ئەو كردەوە تیرۆریستییە ئەوە دەگەیەنێت كە داعش بەرەو بێ ھێز بوون دەڕوات و بەئامانجی بێ ھێزكردن و لەناوبردنی یەكجارەكی رێكخراوی داعش ئەمریكا ھاوكاری ھەرێمی كوردستان و عێراق دەكات و بەردەوامیش دەبێت".