ھەولێر
پارێزەر و بریکاری تارق عەزیز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشووی عێراق, بەدیع عارف لە لێدوانێکدا بۆ AA گوتی: "دوێنێ لای تارق عەزیز بووم ژمارەیەک بەڵگەنامەی گرنگی لەسەر ئەزموونی خۆی و عێراق لە ساڵانی رابردوو و چەندین شتی دیکەی پێدام."
بەدیع باسی لەوەکرد تارق عەزیز پێیگوتووە؟ "ئەزموونی حوکمڕانی پاش ٢٠٠٣ لەعێراق شکستی ھێناوە و نەیانتوانیوە نموونەیەکی باش پێشکەش بکەن."
لەبارەی ئەزموونی ھەرێمی کوردستانیشەوە عارف گوتی: "تارق عەزیز زۆر ستایشی ئەزموونی ھەرێمی کوردستانی کرد و بە باشە باسی سەرکردەکانی کوردی کرد و گوتی توانیویانە وڵاتەکەی خۆیان ئاوەدان بکەنەوە و سیاسەتیان سەرکەوتووبووە."
بەدیع عارف لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد عەزیز گوتوویەتی: "بەھۆی شکستەکانییانەوە پێشبینی دەکەم پێش ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق لەلایەن سەرکردەکانی حکومەتەوە لەگەل وەزیری پێشووی بەرگری عێراق و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی بەعسی لەسێدارەبدرێم کە زیاتر وەکو موزایەدەیەک بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەکاردەھێنرێت."
تارق عەزیز کە ناوی خۆی میخائیل یوحەنا یە تاکە مەسیحییەکەی خاوەن دەسەلات و پلە باڵای بەعس لەعێراق لەدایکبووی ساڵی ١٩٣٦ی قەزای تلکێفی سەر بە پارێزگەی موسڵە، راوێژکارێکی زۆر نزیکی سەدام بووە و زۆریشی خۆشویستووە، لەنێوان ساڵانی ١٩٨٣ تا ١٩٩١ وەزیری دەرەوەی عێراق بووە.
لە ٢٤ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ پاش روخانی رژێمی عێراق خۆی بەدەستی ئەمریکییەکانەوە دا و لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە بەتاوانی دژی مرۆڤایەتی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام ئەمە نیگەرانی ڤاتیکانی لێکەوتەوە و ئەو وڵاتە بەفەرمی داوای جێبەجێنەکردنی ئەو سزایە لەسەر عەزیز بەھۆی نەخۆشییەوە لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد.