ئەنقەرە
لەمیانەی بەشداریکردن لە خوانێکی سەرۆک کۆماری تورکیا کە بە بۆنەی ٩٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا رێکخرابوو, سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا نەجدەت ئۆزەل لەگەڵ ڕۆژنامەنوسانی تورکیا کۆبوەوە.
ئۆزەل لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا سەبارەت بە ھەڵوێستی سوپا لەبەرامبەر ئەو گوللە تۆپ و ھاوەنانەی ناوبەناو لە سنوری سوریاوە بەرەو ناو خاکی تورکیا دەھاوێژرێن و تائێستا بۆتە ھۆی کوژرانی چەندین ھاوڵاتی، ئۆزەل رایگەیاند: ئێمە ھەموو کات دەسەڵاتی ئەوەمان ھەیە وەڵامی ئەو ھێرشانە بدەینەوە.
لەبەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی باس لە بۆردومانکردنی ناوچەی رەئسولعەینی سوریا لەلایەن سوپای تورکیاوە دەکرێت، ئۆزەل گوتی: "لەکاتی ئەنجامدانی ھەر چالاکیەک یان وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێک، ئێمە لە سایتی رەسمی خۆمانەوە ھەواڵەکە بڵاودەکەینەوە و ئەو ھەواڵانەشی بەدرۆ خستەوە کە باسی بۆردومانی ئەو ناوچانە لەلایەن سوپای تورکیاوە دەکرێت."
لە وەلامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا سەبارەت بە کەیسی دادگاییکردنی سەرانی سوپای تورکیا لە کەیسی باڵیۆز و ڕوونکردنەوەی ھەندێک لە جەنەراڵەکان، ئۆزەل گوتی: "سوپا مولکی میللەتە و ھیچ کاتێک ناچینە ناو ھەندێک ھاوکێشەی سیاسیەوە و ھەموو کات ھەوڵ دەدەین لە سیاسەت بەدووربین."