ئەنقەرە
پەرلەمانتاری شاری مەرسینی سەر بە پارتی دیموکراتیکی گەلان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو پارتە ئەرتوغروڵ کورکچو لە نەخۆشخانە دەرکەوت و گەڕایەوە ماڵەوە.
ئەرتوغروڵ کورکچو دوای پێشکەشکردنی گوتاری خۆی لە کۆنگرەی یەکەمی ھەدەپە لە ئەنقەرە، سەرەتای حەفتە بە ھۆی نەخۆشی دڵەوە گواسترایەوە نەخۆشخانە و قەستەرەی بۆ کرا و ئەمڕۆ چوارشەممە کاتی دەرکەوتنی لە نەخۆشخانە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
کورکچو گوتی: "دوای وەرگرتنی چارەسەری، تەندروستیم باشتر بووە و بە وزە و جۆشێکی نوێیەوە گەڕامەوە سەر کاری خۆم و زۆر سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم بە ھەر جۆرێک ھاوکاریی و سەردانی منیان کرد. دکتۆرەکان زۆر گرنگییان بە تەندروستی مندا و ھۆی زوو باشبوونەوەم گرنگی دانی دکتۆرەکانە."
کورکچو گوتی: "چەند رۆژی داھاتوو کۆمیتەی ناوەندی ھەدەپە کۆدەبێتەوە و سەرەڕای دەستنیشانکردنی سیاسەت و ستراتیژیەتی ھەڵبژاردن، ھەروەھا کار و پۆستەکانیش دابەش دەکا. ئێمە چاوەڕوانمان نەدەکرد لە ماوەیەکی کۆرتدا بتوانین کۆنگرەیەکی ئاوا ساز بکەین و ئەو ھەموو خەڵکە بە بیروڕای جیاواز تێیادا بەشدار بێ. بەشداری کردنی ئەو خەڵکە زۆرە، ھێز و وزەی بە ئێمە بەخشی."
ھاوسەرۆکی ھەدەپە سەباحەت تونجەلیش وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و رایگەیاند: "زۆر سوپاسی ھەمووی ئەوانە دەکەم لە کاتی نەخۆشی کورکچودا ئێمەیان بە تەنیا بەجێنەھێشت. دامەزراندنی ھەدەپە سەرەتایەکی نوێیە و سەرمایەی ھەدەپە ئەزموونی ٤٠ ساڵی رابردوویەتی."
ئەرتوغروڵ کورکچو ئاماژەی بەوەدا بێجگە لە مەھەپە، ھەمووی پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا لە تەندروستی منیان پرسی. دکتۆرەکان داوایان لە من نەکردووە کە بە ھۆی نەخۆشییەوە واز لە کاروباری سیاسی بھێنم چونکە زانستی پزشکی پێوایە ھیچ پەیوەندییەک لە نێوان سیاسەت و تەندروستی مرۆڤدا نییە.
لە وەڵامی پرسیاری ئێوە لێدوانەکانی راوێژکاری سەرۆکوەزیران لە بارەی ھەدەپەوە چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟ کورکچو گوتی: "ئێمە وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا تاقەتی ئەوەمان نییە شەڕ لەگەڵ ھەر نووسەرێک بکەین، لە کاتی پێویستدا وەڵامی ئەو جۆرە لێدوانانە دەدرێتەوە."
ئەرتوغروڵ کورکچو گوتی: "پەیوەندی نێوان ھەدەپە و ئۆجەلان لە رێگای سەردانی شاندی پارتەکەیەوە بۆ ئیمراڵی دەبێ، ئەگەر شاند بچێتە ئیمراڵی ئەوا لە ئیمراڵیشەوە پەیام ئاراستەی پارتەکەمان دەکرێ."
لە بارەی خەڵاتکردنی ئەحمەد كایا لە لایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە، کورکچو رایگەیاند: نەدەبوایا ھێرش کرابا سەر ئەحمەد كایا و نەدەبوایا گۆرانی کوردیش قەدەغە کرابا، کەچی ھێرشکرایە سەر ئەحمەد كایا و گۆرانی کوردیش قەدەغە کرا، بۆیە ئەحمەد كایا بە ناچاری لە تورکیا دەرچوو و لە ژێر گوشاری کۆچبەریدا کۆچی ناوادەی کرد، ھیچ یەک لەوانە پێویست نەبوو. راستەی ئەحمەد كایا نرخێکی گرنگی تورکیایە و ھەر چەند دوا کەوتبێ، بەڵام دان نان بەو خاڵە زۆر گرنگ و جێگای رەزامەندییە. بۆ ئێمە ئەحمەد كایا بە زیندوویی پێویست بوو، بەداخەوە ئێستا لەنێو ئێمەدا نییە.