تاران - AA
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران عەلی لاریجانی ئاشكرایكرد جێبەجێكردنی خاڵەكانی ڕێككەوتننامەی جنێڤ وەك تاقیكردنەوەیەكی متمانەی وڵاتانی رۆژئاوا وایە.
لاریجانی لەگەڵ شاندی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا كە لە هەشت كەس پێكهاتووە، دوور لە چاوی كامێرا و بە داخراوی كۆبوونەوە و تێیدا بیرورا لەبارەی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكانی هەردوولا ئاڵوگۆڕ كران.
بە پێی ڕوونكردنەوەیەكی ماڵپەری فەرمی پەرلەمانی ئێران، لاریجانی رەخنەی توندی ئاراستەی ئەو لایەنانە كردووە كە دەیانەوێت مافی مرۆڤ بە سیاسی بكەن و راشیگەیاندووە كە مافی مرۆڤ شتێكە پەیوەستە بە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەكانەوە بوارێكی كۆمەڵایەتیە نەك سیاسی و هەروەها زۆر بەتوندی رەخنەی ئاراستەی ئەو لایەنانە كرد كە دەیانەوێت وەك ئامانجێكی سیاسی ئەوە بەكاربهێنن و بەهەڵەیەكی زۆر گەورەی لەقەڵەمداوە.
لاریجانی باسی لە بنەما ئایینیەكان كردووە بۆ پێدانی مافی كەسان و ئاشكرایكردووە كە ئایینی ئیسلام زۆر دەوڵەمەندە بە سیستەمی یاسایی و بە باشی پەیوەندیەكانی نێوان حكومەت و خەڵكی باس كردووە. ئەوەشی بیری ئامادە بوان هێنایەوە كە یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیكەش كارێكی باش دەكەن ئەگەر بێت و دان بەو سیستەمە حقوقیەدا بنێن.
لاریجانی لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ وەفدی پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژەی بە پێویستی دروستكردنی دیالۆگی بەردەوام و دڵسۆز كردووە بۆئەوەی رێگە لە هەر بەهەڵە تێگەیشتنێك بگیرێ و رەخنەشی لە دواین هەڵوێستی ئەمریكا دەربارەی ئێران گرت و ئاشكرایكرد كە ئەوە لە داهاتوودا دەبێتە كێشەیەكی گەورە.
شاندی پەرلەمانی ئەوروپا ئاشكرایكرد لە كۆبوونەوەكەیاندا باسیان لە زۆر لایەنی ناو ئێران و كۆبوونەوەكانی جنێڤ كردووە و بیر و رای ئێرانیان لە زۆر بواردا بۆ دەركەوتووە.