گۆڕان دەڵێ پارتی باسی لەوەنەكردووە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ناداتە بەلایەنی دیكە.
رێكخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان محەمەد حاجی لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێشتا سەركردایەتیی بزوتنەی گۆڕان لەداواكردنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یان جێگری سەرۆكی حكومەت خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە و لەمبارەیەوە دوو بۆچوون هەیە، یەكێكیان پاڵپشتی لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و ئەوی دیكەشیان لەجێگری سەرۆكی حكومەت دەكا."
باسی لەوەشكرد گەر گۆڕان جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێ ئەوا لەنێو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان یان جێگر یان سكرتێری سەرۆكی پەرلەمانی بەردەكەوێ و لەگفتوگۆكانی شاندی دانوستاندنكاری بووتنەوەی گۆڕان قسەیان لەسەر هەردوو پۆستەكە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كردووە، بێ ئەوەی پێداگریی تەواو لەسەر هیچ كام لەو پۆستانە بكەن.
حاجی بەداكۆكیكردنەوە باسی لەمافی بزووتنەوەكەی لە بەدەستخێنانی پۆست و وەزارەتی سیادی لە كابینەكەی داهاتوو دەكرد و لەو بڕوایەدابوو گۆڕان وەكو هێزی دووەمی پەرلەمان بە پلەی دووەم لەپاش پارتی ئەو پۆستانەی ریزی پێشەوەی حكومەتی بەردەكەوێ.
دوا هەڵبژاردنەكەی هەرێم بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو تەرازووی هێز و ریتمی پەیڕەوكراوی بیست و یەك ساڵەی رابردوو لە نەخشەدانانی پەرلەمان و حكومەت گۆڕا، لەو هەڵبژاردنە پارتی ٣٨ كورسی، گۆڕان ٢٤ كورسی، یەكێتی ١٨ كورسی، یەكگرتوو ١٠ كورسی، كۆمەڵ ٦ كورسییان مسۆگەركرد.
رێكخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی گۆڕان باسی لەوەشكرد كە بەپێی ژمارەی ئەو كورسییانەی بەدەستیان هێناون بزووتنەوەكەیان بەلایەنی كەم وەزارەتێكی سیادی بەردەكەوێ، لەگەڵ دوو یان یەك وەزارەتی خزمەتگوزاریی، لەگەڵ وەزارەتی دیكەش، هەروەها ئەوەشی ئاشكراكرد لەو پۆستانەی كە پلەی وەزیریان هەیە گۆڕان پشكی دەبێ.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان رەتیشی كردەوە لە وتوێژەكانی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمدا بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوە كردبێتەوە دەستبەرداری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نابن و ئامادەنیین ئەو وەزارەتە تەسلیمی هیچ لایەنێكی دیكە بكەن.
لەبارەی ئەو سیستەمەشی كە پۆست و وەزارەتەكانی لەسەر دابەش دەكرێ، محەمەد حاجی گوتی: "ئەگەر بە خاڵ بەندی بێ یان ئیستیحقاقی هەڵبژاردن یان رێژە، دەبێ ئەو پۆستانە بەپێی ژمارەی كورسییەكان دابەش بكرێ. ئێمە بە پارتیمان گوتووە لە ئیستیحقاقی خۆمان پۆست و وەزارەتی زیاترمان ناوێ و بە پۆستی كەمتر لە ئیستحقاقی خۆشمان رازی نابین."
لەبارەی كاریگەری رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بەشێكی تایبەتە بەدابەشكردنی پۆستەكان بەیەكسانی لەنێوان هەردوولا و هێشتا كاری پێ دەكرێ، حاجی گوتی: "گۆڕان هیچ گرفتێكی نییە ئەگەر یەكێتی و پارتی پارێزگاری لە رێككەوتنی ستراتیژیی بكەن و لەنێو خۆیاندا چۆن پۆستەكان دابەش بكەن، پارتی لەپشكی خۆی بەیەكێتی دەدات یان نا بۆ ئێمە كێشەیەك نییە. بەڵام ئێمە رازی نیین هیچ پۆستێك لەسەر حسابی ئێمە بدرێ بەهیچ لایەنێكی دیكە."
حاجی لەكۆتایی قسەكانیدا گوتی: "ئەوەی بەلای گۆڕانەوە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت گرنگە، سێ خاڵە، ئەوانیش بەرنامەی حكومەت، میكانزمەكانی جێبەجێكردنییان كە بەقەد بەرنامەكە گرنگە، ھەروەھا ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن."
ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە بە گەشبینییەوە دەیگوت بەپێی دانووستانەكان گۆڕان لە بەشدارییكردن لە كابینەی نوێ نزیكترە نەك ئۆپۆزسیۆن بوون، پێشبینی ئەوەشی كرد لەدوو هەفتەی داهاتوودا گفتوگۆكانی نێوان لایەنەكان بگاتە ئەنجام و دیمەن و ئاراستەكانی كابینەی نوێی حكومەت روون ببێتەوە.