Hemn Baban
20 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2016
هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی نەینەوا لیوا روكن بەها عەزاوی پەسنی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكات و دەڵێت "رۆڵی كاریگەرییان لە رزگاركردنی چەندین ناوچەی عێراق هەبووە".
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی نەینەوا لیوا روكن بەها عەزاوی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بۆ دواین ئامادەكارییەكانی هێزەكانی پۆلیسی نەینەوا دەكات بۆ شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی ژێر دەستی داعش لە پارێزگای نەینەوا و لەو رووەوە دەڵێت "بۆ دەست پێ كردنی شەڕی مووسڵ و دەركردنی داعش ئێمە چاوەڕوانی فەرمانین كە لە سەركردایەتی باڵاوە دەربچێت بۆ بەشداریكردنی رۆڵەكانمان لە پۆلیسی نەینەوا لەگەڵ برایانییان لە هێزەكانی دیكە بۆ رزگاركردنی نەینەوا".
سەبارەت بە ئاستی مەشق و راهێنەكانیش روونی كردەوە "پرۆگرامێكی راهێنانمان داناوە بۆ مەشقی جەستەیی و مەشق لەسەر سەرجەم جۆرەكانی چەك كە مەشقی جۆریین و ئەوانەمان تەواو كردووە كە ئامادەكاریی زۆر باشن، ئێستا چاوەڕوانی گەیشتنی پێداویستی و چەكی زیاتریین كە پێمان بگات، بەگەیشتنی ئەو چەكانە ئاستی شەڕكردنی پۆلیسی نەینەوا زیاتر دەبێت و ئامادەكاری دەگاتە ئاستێكی زۆر باشتر".
بەها عەزاوی كە زوو زوو باسی ورەبەرزی هێزەكانی پۆلیسی دەكرد و چەندین جار ئاماژەی بۆ بوونی حەماسێكی زۆر لەنێو هێزەكانییاندا بۆ شەڕی گرتنەوەی مووسڵی دەكرد، لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی گەیشتنی هێزێكی عێراقی بۆ نزیك شارۆچكەی مەخموور لە نزیكی شاری هەولێر گوتی: "ئەوەی گرنگە ئەو هێزە گەیشتووە كە بەشدارییەكی كاریگەری لە رزگاركردنی نەینەوا دەبێت و ئەركی قورسیان لەسەرە و لەگەڵ ئەواندا هەماهەنگییمان دەبێت بۆ دابەشكردنی ئەركەكان بەسەر هەموو هێزە ئەمنییەكان".
سەبارەت بە ئەگەری بەشداری كردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا كە لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 یەكەمین گەورە شاری عێراق بوو بكەوێتە دەستی چەكدارانی داعش و دواتر بوو بە پایتەختی خەلافەتەكەیان بەها عەزاوی رایگەیاند "ئێمە پێشوازی لە بەشداریی هەر هێزێكی كارا دەكەین بۆ رزگاركردنی مووسڵ و دەرهێنانی دانیشتووانەكەی لەو نەهامەتییەی كە بەدەستییەوە دەناڵێنن، حەشدی شەعبی لەسەرەتای كردەكانی رزگاركردنی ناوچەكانی عێراقەوە هەر لە ناوچەی جوڕف ئەسەخر تا بێجی و رومادی بەشداریی كارایان هەبووە، ئەوانە هێزی عێراقیین و خۆبەخشانە بەشدارن لە هاریكاریی كردنی پۆلیس و سوپای عێراقی، بۆیە ئەگەر بەشداریی بكەن ئاساییە".