هەولێر
ئایدن مەعروف دەڵێت لایەنەكانی كوردی كەركووك رێگرن لەوەی چوار پۆستی توركمان یەكلایی بكرێتەوە.
"سەرۆكی حكوومەت بەداخ بوو لە پەیوەندی كورد و توركمان لەكەركووك"
بەرپرسی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو حزبە لە پەرلەمانی كوردستان ئایدن مەعروف لە هەفپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت لەبارەی سەردانەكەی ئەمدواییەی شاندی كوتلەی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ هەرێم و سەردانەكانییان بۆ لای سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكوومەتیشەوە زانیاریی ورد دەخاتە روو.
لەوبارەیەوە ئایدن مەعروف ئاشكرایكرد"چەند رۆژێك لەمەوبەر شاندێكی كوتلەی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سەردانی هەولێریان كرد و لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و یەكگرتووی ئیسلامی كۆبوونەوە، هۆكاری سەرەكی سەردانەكەش خستنەڕووی گلەییەكانی توركمانەكان بوو لەسەر بە بەتاڵی هێشتنەوەی ئەو پۆستانەی كە مافی توركمانن لە كەركووك لەوانە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای كەركووك، بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركووك لەگەڵ سەرۆكی زانكۆی كەركووك".
گوتیشی" ئەوە یەكەم سەردانە لە پاش رووداوەكانی ئەمدواییە و ئەو قەیرانە سیاسییەی لە كەركووك لە نێو پێكهاتەی كورد و توركمان بەتایبەت لەسەر چەند مەسەلەیەك هەیە، سەردانی ئەو شاندە هۆكاری سەرەكیی بۆ باسكردنی مافی توركمان هات لەوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بدرێتەوە بە توركمان، سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بوو بە پەرلەمانتار و نزیكەی ساڵێكە ئەو شوێنە بەتاڵە و هەرێمی كوردستان بەشێكە لەو مەسەلەیە و هێشتا شوێنەكەی پڕ نەكراوەتەوە".
مەعروف ئاشكراشی كرد كە شاندەكە سەردانی سلێمانی دەكات و دواتر سەردانی بەغداش دەكات بۆ تاوتوێكردنی هەمان باس.
سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا گوتی:" مافی توركمان لەكەركووك خوراوە و نا دادپەروەریی هەیە و حزبەكانی كوردی لێی بەرپرسن بەتایبەت لەوەی هێشتا بەتاڵی هەرسێ پۆستەكەی ئێمە لەلایەن لیستی برایەتی كەركووك ناخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكەوە بۆ ئەوەی دەنگی بۆ بدرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت، بۆیە پێمان وایە لایەنەكانی كوردی لێناگەڕێن ئەو پۆستانە بدرێتەوە بە توركمان كە مافی خۆیانە".
باسی لەوەشكرد كە ئەو كارانە وایكردووە پەیوەندیی كورد و توركمان لەسەر ئاستی سیاسی لە كەركووك ساردوسڕیی تێبكەوێت.
لەبارەی وەڵامی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەو پرسە ئایدن مەعروف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت باسی دەستوور نەكرا، بەڵام باسی ئەو پۆستانە و پەیوەندیی كورد و توركمان لە كەركووك كرا و زۆر بەداخ بوو و گوتی پەیوەندیی كورد و توركمان هاتووەتە ئەو ئاستەی كە باسی پۆستێك یان چەند پۆستێك بكەین كە مافی توركمانەكان خۆیانە، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنیشی دا لە كاتێكی نزیكدا كێشەكە چارەسەر بكات و گوتی بێ توركمان ئەو كێشانەی كەركووك چارەسەر ناكرێن".
بەرپرسەكەی بەرەی توركمانی گوتیشی كە بارزانی پێی راگەیاندوون لە نزیكترین دەرفەتتدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و لایەنەكانی سیاسی و پارێزگاری كەركووكیش باسی ئەو مەسەلانەیان لەگەڵدا دەكەن.
"بەرەی توركمانی پڕۆژەی بە هەرێم كردنی كەركووكی هەیە"
بەرپرسی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی لە هەولێر ئایدن مەعروف كە لەگەڵ ئەو شاندە یاوەری سەردانەكەیان بوو بۆ لای سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمیش، لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی باسكردنی پرۆژەی دەستوور و چارەنووسی كەركووكەوە گوتی:" شاندەكە لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان باسی دروستكردنی لێژنەكەیان بۆ داڕشتنەوە و هەمواركردنەوەی پڕۆژەی دەستوور كرد و پرۆژەی بەرەی توركمانیشیان بۆ كەركووك كە بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ پێدا، لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتیش باسی پرۆژەی دەستووری هەرێم نەكراوە".
سەبارەت بەو پرۆژەیە كە بەرەی توركمانی داكۆكی لە جێبەجێكردنی دەكات و بریتییە لە بە هەرێمكردنی كەركووك، ئایدن مەعروف گوتی:" ئەوە پڕۆژەی بەرەی توركمانییە وەكو چۆن لایەنەكانی تر پڕۆژەیان هەیە، ئێمەش بۆ كەركووك پڕۆژەی خۆمان هەیە كە پێمان باشە كەركووك بكرێت بە هەرێمێكی سەربەخۆ بە بەشداری هەموو لایەنەكانی كەركووك بەڕێوەببریت، ئەو پڕۆژەیە دژی هیچ لایەنێك نییە، لەبەر ئەوەش داكۆكی لە جێبەجێ كردنی دەكەین چونكە كەركووك مەسەلەیەكی هەستیارە".
گوتیشی:" پڕۆژەی بەهەرێمكردنی كەركووك بە بەشداریی كورد و توركمان و عەرەبی پارێزگاكە و بە تەوافوق دەكرێت، تێیدا هیچ رێژەیەك بۆ پۆستەكان و دابەشكردنییان نەكراون، بەڵكو نەتەوەكانی كەركووك بە تەوافوق و سازان جێبەجێی دەكەن و لە ئەنجامیشدا خەڵكی كەركووك بڕیار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەدات".
ئایدن مەعروف روونیشی كردەوە" بە هەرێم كردنی كەركووك پڕۆژەی سیاسی بەرەی توركمانییە و بە پڕۆژەیەكی باشی دەزانیین، كەركووك بۆ توركمان زۆر گرنگە، پێش هەموو شتێك پێویستە متمانە دروست بكرێت، بەرەی توركمانی و ئەوانەشی لەگەڵ بەرەی توركمانی نزیكن لەگەڵ ئەوەداین كە پڕۆژەی خۆمان هەیە و ئەوەش مانای ئەوە نییە ئێمە لەگەڵ خستنەسەر هەرێمی كەركووكین و دژی وەستاوینەتەوە، ئیدی ئەوەش پڕۆژەیە و هی ئێمەش پڕۆژەیە و بە پلەی یەكەم داوای پاڵپشتیی كردنی كوردیش دەكەین بۆ ئەو مەسەلەیە".
ئەو دەشڵێت" كەركووك بۆ وڵاتانی هەرێم و ناوچەكەش گرنگە، بۆیە بە بڕیاری ئێمە و لایەنەكانی كوردی بەتەنها نییە چارەنووسی كەركووك چۆن دەبێت، بەڵكو پێم وایە مەسەلەیەكە بە سازان و تەوافوق چارەسەر دەبێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رۆڵی تێدا دەبینێت، كەركووك مەسەلەیەكی نێودەوڵەتییە و لە دەرەوەی ئیرادەی لایەنەكانی سیاسیشە، دەوڵەتان و كەركووكییەكان خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن".
هەروەها ئەوەشی گوت كە لە 2003 تا 2015 نزیكەی 12 ساڵە سەركردایەتی كورد بەتایبەت ئەو لایەنانەی لە كەركووك كار دەكەن متمانەیان لەگەڵ لایەنەكان دروست نەكردووە بەتایبەت لەگەڵ توركمان، ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی توركمان و لایەنەكانی سیاسی لەگەڵ كورد ساردبن.
گوتیشی پڕۆژەی بە هەرێمكردنی كەركووكیان داوەتە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق و هەرێمیش، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێكیان وەرنەگرتووەتەوە.
ئایدن مەعروف كە گلەیی هەیە لەوەی فراكسیۆنەكانی توركمانی پەرلەمانی هەرێم نوێنەریان لە لێژنەی نووسینەوەی پرۆژەی دەستووری هەرێم نییە، دەڵێت دەبوو ئەوان و مەسیحی چوار ئەندامییان لەو لیژنە 21 كەسییە هەبایە.
دەشڵێت" بەهۆی ئەوەی كاندیدی توركمان لە دەرەوەی ئیرادەی توركمان دانرا، بۆیە ترسمان لەوە هەیە بە ئیرادەی دەرەوەی توركمانی و بە كاریگەریی هەندێك لایەنی تر كار بكات".
سەبارەت بە داواكارییەكانی ئەوان لە دەستووری هەرێمی كوردستان، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زمانی توركمانی وەكو زمانێكی رەسمی لە هەرێم بناسرێت و توركمانیش وەكو نەتەوەی دووەم، ئێمە پێنج نوێنەرمان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، هەروەها نوێنەری عەرەب و ئینگلیزیش لە پەرلەمانی كوردستان نیین، كەچی بە كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی تابلۆی پەرلەمان نووسراوە، بۆچی بە توركمانی و سریانی نانووسرێت كە ئەندامییان تێدا هەیە، پێشنیاز دەكەم نووسینی عەرەبی و ئینگلیزی هەڵبگیرێت و لە پاڵ كوردی بە سریانی و توركمانی بنووسرێت".
لە كۆتایی قسەكانیدا مەعروف باسی لەوەشكرد كە توركمان لە هەرێمی كوردستان وەكو پێویست مافی وەرنەگرتووە وەكو نەتەوەی دووەم، ئەو دەپرسێت: "بۆچی سەرۆكی هەرێم جێگری دووەمی نادات بە توركمان، لەكاتێكدا پێشنیازی كردبوو جێگری سێهەمی سەركۆمار بدرێت بە توركمان كە ئەمە پێشنیازێكی زۆر باش بوو".
دەشڵێت: "ئێستا لە هەولێر 13 قوتابخانەی خوێندنی توركمانی ولە كفریش دوو قوتابخانە هەن، ئاستییان تا دێت دادەبەزێت، پێشتر دە هەزار قوتابییان هەبوو، كەچی ئێستا بۆ دوو هەزار كەم بووەتەوە، وەزارەتی پەروەردە لە بری گرنگی دان بەو قوتابخانانە وا ئەوانەی هەولێر بۆ 10 قوتابخانە كەم دەكاتەوە كە ئەمە نابێت و دەبێت سیاسەتێكی پەروەردەیی توركمانی دروست پەیڕەو بكرێت نەك بەو شێوەیە پەراوێز بخرێن كە ئەمە كاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

