مەدرید
لەکاتێکدا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، هەریەک لە پارتی گەل و پارتی کرێکاری سۆسیالیستی دوو پارتی گەورەی ئەو وڵاتەبوون، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە و دۆخەکە جیاواز کەوتەوە و لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانی ٢٠١١ دا ئەو دوو پارتە سەرەکییە لەسەدا ٦٥ ی دەنگەکانیان بەدەست هێنابوو، لەمجارەدا لەسەدا ٥١ یان بەدەست هێناوە و پارتەکانی پۆدەمۆس و جیودادانۆس سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەست هێناوە لە شارە گەورەکاندا، ئەمە لەکاتێکدا نەیانتوانی هیچ ناوچەیەکی خودموختاری بەدەست بهێنن.
گوتەبێژی حکوومەت و یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا سورەیا سائەنز دە سانتاماریا ئاماژەی بەوەدا کە رێژەی بەشداری کردن لە هەڵبژاردن لەسەدا ٢ کەمی کردووە لە چاو هەڵبژاردنی ٢٠١١ دا و لە تەواوی وڵاتدا لەسەدا ٦٤.٧٧ بەشداریان لە هەڵبژاردندا کردووە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی ئەنجامی لەسەدا ٩٠ ی هەڵبژاردنەکە، پارتی گەل کە لە دەسەڵاتدایە لە تەواوی ئەو وڵاتەدا لەسەدا ٢٦ ی بەدەست هێناوە.
پارتی گەل هەرچەندە لە کۆی ١٣ ئیدارەی سەربەخۆ ٩ یانی بەدەست هێناوە و لە تەواوی وڵاتدا ٣١ شارەوانی گەورەی بەدەست خستووە، بەڵام لەچاو هەڵبژاردنی ٢٠١١ دا کە لەسەدا ٣٧ ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو، دەنگێکی زۆری لەدەست داوە و کەمی کردووە بۆ لەسەدا ٢٦. ئەمەش وای لێکردووە کە لە ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکاندا بەتەنیا زۆرینە بەدەست ناهێنێت. پارتی گەل لە ساڵی ١٩٩١ەوە توانیوێتی شارەوانی مەدرید بۆ خۆی بەرێتەوە، هەرچەندە ئێستاش توانیوێتی شارەوانییەکەی بەدەست بێنێتەوە، بەڵام بۆ نەیتوانی دەنگێکی وەها بێنێت کە بەشێوەیەکی سەقامگیر شارەوانییەکەی بەڕێوەبەرێت.
لەم نێوەندەدا پارتی کرێکاری سۆسیالیست کە لە ئۆپۆزسیۆندایە رووبەڕووی لەدەست دانی دەنگ بووەتەوە بەڵام لە تەواوی وڵاتدا لەسەدا ٢٥ ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە و ٢ ئیدارەی خودموختاری و ١٣ شارەوانی بەدەست هێناوە.
لە شاری بەرشەلۆنە کە گرنگترین شاری ئیسپانیایە، ئەنجامێکی مێژووی بەدەست هات. پێکهاتەی سیاسی " بەرسەلۆنا ئەن کۆمو " کە لەلایەن پۆدەموس-ەوە پشتگیری دەکرێت و ئادا کۆلاو- کە ژنێکی کاندید بوو، بەجیاوازی یەک نوێنەر لە بەرشەلۆنە بەرزرین دەنگی بەدەستهێنا.
کۆلاو چاوەڕێ دەکرێت ببێتە سەرۆکی شارەوانی بەرشەلۆنە و ئەمەش یەکەمجارە ژنێک لەو شارە وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵدەبژێردرێت.