ئەنقەرە
ئیدریس بالوکەن جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: ئێمە لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەبارەی جیاکردنەوەی کوڕ و کچ لە بەشە ناوخۆییەکاندا قبوڵ ناکەین، چونکە پێشێلکردنی ئازادیی تاک و ھێرشکردنە سەر مافی پاراستنی ژیانی تایبەتییە.
ئیدریس بالوکەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بۆ سەرکۆنەکردنی دروستکردنی دیوار لە نێوان تورکیا و رۆژئاوا، رۆژی پێنجشەممە لە ناوچەی نوسێبین خۆپیشاندانێکی جەماوەری ساز دەیکەن. ئەو دیوارە پرۆژەیەکە بۆ دابڕینی گەلان لە یەکتر و بە ھیچ شێوەیەک خزمەتی گەلانی ناوچەکە ناکات.
بالوکەن گوتی "دەبێ تورکیا سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر رۆژئاوا، سوریا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕی، چونکە سیاسەتی ھەنوکەی تورکیا خزمەتی وڵات ناکات. دەبێ سیاسەتی تورکیا لە سەر بنەمای ئایندەی ھاوبەش و ئاشتیی نێوان گەلان بێ."
لەبارەی لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی تورکیایش بۆ جیاکردنەوە کوڕ و کچ لە بەشەناوخۆییەکاندا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بەدەپە رایگەیاند: ئەو لێدوانانەی سەرۆکوەزیران بوونە مایەی دڵەڕاوکێ سەرسوڕمان، تا ئێستە ھیچ جۆرە پرسێکی بەو جۆرە لە تورکیا نەبوو، ئەمە ھەوڵدانێکی ئاک پارتییە بۆ دەستنیشانکردنی رۆژەڤی گفتوگۆکانی تورکیا. ئاک پارتی ١١ ساڵە دەسەڵاتە، چەندین پرس ھەیە کە لە ماوەی ئەو ١١ ساڵەدا باسیان لێوە نەکراوە، بەڵام بەمداواییانە لەلایەن ئاک پارتییەوە دەورژێندرێن و ئامانجی ئاکەپە لە ورۆژاندنی ئەو جۆرە پرسانە شاردنەوەی رۆژەڤی راستەقینەی تورکیا و سەرقاڵکردنی جەماوەری خۆیە.
ئیدریس بالوکەن گوتی "سەرۆکوەزیران بە ئاشکرا دەڵێ دەوڵەت دەست لە ئازادیی تاک وەردەدا، ئێمە ئەو جۆرە لێدوانانە بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین، چونکە ئازادیی تاک و ژیانی تایبەتی تاک بەیاسا پارێزراون و کەس بۆی نییە ئەو مافانە پێشێل بکات. ئەو لێدوانانەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا مانیپولاسیۆنی ئاک پارتییە بۆ گۆڕینی رۆژەڤی ھەڵبژاردن لە تورکیا. لە بواری پاراستنی ئازادی تاک و ژیانی تایبەتیدا چەندین یاسا و مادەی یاسایی ھەن، سەرۆکوەزیران بەو لێدوانانەی خۆی ئەو یاسایانە پێشێل دەکا."