ئەنقەرە
جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری بەیت لەحم گوتی "سەرۆکی فەڵەستین بەڵێنی داوە تا تەواوبوونی ماوەی دانوستانی ئاشتی، نەچێتە رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان".
کیری ھەروەھا گوتی " سەرکردایەتی فەڵەستین بۆ سەرکۆنەکردنی ئیسرائیل ناچێتە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆک عەباس بەھەموو شێوەیەک پابەندە بە پرۆسەی ئاشتییەوە. لەبەرامبەر ئازادکردنی دیلە فەڵەستنییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە،".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دروستکردنی یەکینەی نیشتەجێکردن لەلایەن ئیسرائیلەوە بەکارێکی دوور لە "بنیاتنان" وەسفکرد.
دوای ئەوەی پرۆسەی نیشتەجێکردنی جولەکە لە خاکی فەڵەستین بۆ ماوەی سێ ساڵ وەستابوو، لە کۆتایی تەمموزی رابردوودا دانوستانی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەستیپێکردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دڵنیایی دا کە وڵاتەکەی ھەوڵدەدا بۆ گەیاندنی ھەردوولا بە خاڵێکی رێککەوتنی ھەمەلایەنە تا ژیانێکی لەبار بۆ گەلانی فەڵەستین و ئیسرائیل مسۆگەر بکەن.
ھەروەھا کیری ئاشکرایکرد، دوای دیداری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ شای ئوردن دیدارو وتووێژ سازدەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایکرد ئەمەریکا لە چوارچێوەی پرۆژەکانی ژێرخاندا، بڕی ٧٥ ملیۆن دۆلار دەداتە دەسەڵاتی فەڵەستینی.
بەر لەو سەردانەی کیری بۆ فەڵەستین و ئیسرائیل، حکومەتی ناتانیاھۆ تەندەری دروستکردنی ١٨٥٩ یەکینەی نیشتەجێبوونی نوێی لە کەرتی رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی قودس راگەیاند بوو