واشنتۆن
هەرچەندە كۆنگرێسی ئەمریكا لەهەوڵدایە كە راستەوخۆ یارمەتی سەربازیی پێشكەشی هەرێمی كوردستان بكات ، بەڵام ئیدارەی ئۆباما سوورە لەسەر رەوانەكردنی یارمەتیەكان لەڕێگەی حكوومەتی عێراقەوە .
هەرچەندە تێپەراندنی پرۆژە یاسای تایبەت بە هاریكاری سەربازی، لە ئەنجوومەنی پیران زۆری ماوە ، بەڵام لەئێستادا ئەو پرسە گفتوگۆیەكی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە .
یەكێك لە ئەجندای سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بۆ ئەمریكا بۆ ئەو مەبەستەیە.
لەكاتێكدا ئیدارەی ئۆباما خوازیاری عێراقێكی یەكگرتووە، تائێستا گۆرانكاری بە هەڵوێستی ئەو وڵاتەوە نابینرێت لەو بارەیەوە .
كۆشكی سپی لەسەر پرسی كۆبوونەوەكانی بارزانی لەگەڵ بایدن و ئۆبامادا روونكردنەوەی بڵاو كردۆتەوەو ئاماژە بەوە دەكات كە هەریەك لە ئۆباما و بایدن جەختیان لە پابەندبوونیان كردۆتەوە بە عێراقێكی دیموكرات و فیدراڵ وەك ئەوەی لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە.
دوای ئەوەی بارزانی لەگەڵ بایدن كۆبوونەوەی ئەنجام دا ،لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژە بەوە كرابوو كە باس لە یارمەتییەكانی سەربازی ئەمریكا كراوە و دووپاتیان كردۆتەوە كە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە هاریكاری كردنی پێشمەرگە لە چوارچێوەی عێراقدا .
لەهەمان روونكردنەوەدا هاتووە كەبەمەبەستی رووبەڕوو بوونەوەی داعش، حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ، پێویستیەكی زۆریان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە.
دوێنێش وەزیری بەرگری ئەمریكا ئاشتۆن كارتەر وەك دوایین هەڵوێستی حكوومەتەكەی گوتی: "تێدەگەم لەوەی هەندێك لە ئەندامانی كۆنگرێس بێگەڕانەوە بۆ حكوومەتی عێراق، گرووپەكانی ناو عێراق و كورد چەكدار بكەن، بەڵام ئێمە دژی ئەو هەنگاوەین، چونكە عێراقێكی یەكگرتوو، گرنگی خۆی هەیە، بۆ لەناوبردنی داعش، لەمەودایەكی دوورو درێژدا هەنگاوێكی لەو چەشنە زیان بە كادیرانیشمان دەگەیەنێت".
لەبەرامبەر هەڵوێستەكەی كۆنگرێسدا، بارزانی تائێستا بەئاشكرا و لەبەرامبەر رای گشتیدا، بەتەواوی پشتگیری لەو هەنگاوەی كۆنگرێس نەكردووە، لەناو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئەتڵەنتیك لە كۆشكی سپی، بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان گوێنادەنە چۆنیەتی رادەست كردنی ئەو چەكانە بەڵكو گرنگ وەگرتنیانە.
بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە بەرپرسانی ئەمریكا گرەنتی ئەوەیان داوەتێ كە بەشی پێشمەرگە لەو چەك و یارمەتیە سەربازیانە بدەن، كە رەوانەی سوپای عێراق دەكرێت.
بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە لە ساڵی ٢٠٠٧ دا جەنەرال مارتین دەمپسی بەڵێنی ئەوەی پێداون پێشمەرگە بەشی خۆیان لە سوپای عێراق بەردەكەوێت، بەڵام لەو كاتەوە تەنیا یەك فیشەك و یەك پارچە چەك وەرنەگیراوە. هەروەك بەڵێنیەكانی ئەمجارەی بە بەرپرسانی ئەمریكی لەسەر ئاستی باڵای بەهەندزانی و رایگەیاند: "تائێستا بەشێوەیەكی رەسمی گرەنتیمان نەدرابوویە و ئێستا بەدڵنیایی و بە هیواوە دەگەڕێینەوە".
بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ میدیای ئەمریكیدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەگەر بەدەست ئەوان بێت، خوازیارن راستەوخۆ لەئەمریكاوە چەك وەربگرن و هیچ هەنگاوێكیان بۆ دواوە نەناوە وسوورن لەسەر پڕچەككردنی پێشمەرگە بەڵام لەو بارەیەوە كۆنگرێس و ئیدارەی ئەمریكا جیاوازیان هەیە لە بیروبۆچووندا.