واشنتۆن
لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەیدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا(جێن بساکی) گوتی "دوای ئەوەی ساڵی پار فڕۆکەیەکی تورکیا لە خاکی سوریا خرایە خوارەوە لەو کاتەوە تورکیا پابەندی یاساکان بووە، وەک ئێوە دەزانن ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ تورکیا ھەیە لەبارەی پاراستنی سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە. تورکیا چەندجار ھۆشداریی دابووە فڕۆکەوانی فڕۆکە سورییەکە، بەڵام دیارە ئەو لەسەر بەزاندنی سنوور بەردەوام بووەو پاشان خراوەتە خوارەوە".
بساکی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی چەکی کیمایی سوریا گوتی " ئێمە بڕوامان بە بەڵێنی ڕادەستکردنی چەکی کیمیایی ھەیە لە لایەن حکومەتی سوریاوە، ئەمەش نابێتە ھۆی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد. ئەسەد یان ھەر کەسێکی دیکە لەسەر حوکم بێ پێویستە ئەو چەکانە رادەست بکات".