ئەنقەرە
نوێنەری دیاربەکر لە پەرلەمانی تورکیا (ئاڵتان تان) ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی" حکومەت بە ناوەڕۆکە شاراوەکەی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن گەرەکیەتی فۆرمەلەی ناوچەی بەرتەسککراو و پلانی دەرکردنی بەدەپە و مەھەپە لە چوارچێوەی مەرجەکانی دامەزراندنی گروپ لە نێو پەرلەماندا جێبەجێ بکات".
ئاڵتان تان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا لەبینای پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: حکومەت نایەوێ ناوەڕۆکی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن ئاشکرا بکات بۆیە ھەر جارەو بە بیانوویەک ئاشکراکردنی دوا دەخا و دەیەوێ بەمجۆرە لە ھەڵبژاردنەکان سەرکەوتن بە دەستبێنێ.
تان گوتی" فۆرمەلەی ناوچەی بەرتەسککراو لە نێو ئەم پاکێجەدا دانراوەو دەیانەوێ رێژەی ١٠%ی ھەڵبژاردنەکان بەرز بکەنەوە بۆ ٢٠% بەمجۆرە بەدەپە و مەھەپە وا لێبکەن نەتوانن لە نێو پەرلەماندا فراکسیۆن دامەزرێنن".
ئاڵتان تان رەخنەی گرت لە گوتەکانی جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا (بولەند ئارنچ) سەبارەت بە زمان و پەروەرەدەی کوردی و گوتی " با کەس قسەی قەبە نەکا، بۆ کەس نییە کورد بنێرێ بنێرێ بۆ شوێنی دیکە ئێرە موڵکی باوکی کەس نییە".
تا لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بە چاوپێکەوتنی شاندی بەدەپە لەگەڵ (عەبدوڵڵا ئوجالان) گوتی" ئەرێ ئەو شتانەی ئەمڕۆ لە ئیمراڵی و قەندیل بەرێوە دەچن گفتوگۆ نییە؟ دەوڵەت بە دەستی خۆی نامەی ئیمراڵیمان بۆ دێنێ و ئێمەیش دەیبەنە قەندیل و وەڵامی قەندیلیش دەدەینەوە دەستی دەوڵەت، گفتوگۆ چییە؟ قسە کردنی دوو قۆڵییە لە سەر شتێک، ئێستە لە نێوان دەوڵەت و پەکەکەدا گفتوگۆیەکی بەمجۆرە لە ئارادایە و جا چ ناوێکی لێ دەنێن با بینێن".