Hemin Hüseyin
30 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2018
هەولێر - AA
پسپۆڕی یاسای دەستووری لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر هەڵمەت غەریب رایگەیاند "سەرکۆماری عێراق دەتوانیت تانە لە بڕیارەکەی پەرلەمان بدات، چونکە ئەمە تەداخولە کە پەرلەمان دەست لەو بابەتە وەردەدات".
پسپۆڕی یاسای دەستووری لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر هەڵمەت غەریب لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەرچوونی بڕیار لەگەڵ یاسا جیاوازە، بڕیار هیچ سیفەتێکی پابەندبوون پێیەوەی نییە، واتا ئەو لایەنەی کە بڕیارەکەی بۆ دەردەچێت، دەتوانێت پابەند بێت و دەشتوانێت پابەند نەبێت پێیەوە، بۆیە من پێم وایە ئەو بڕیارە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی هێزە سیاسییەکانە و ئەو هاوپەیمانیەتییانەیە کە لە هەڵبژاردنەکاندا تووشی شکست بوون، لەگەڵ ئەوەشدا جۆرێک لە داواکاری نێودەوڵەتی هەبوو بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆیە ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بیەوێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە ئەوا بێگومان ناتوانێت و ئەم بڕیارە لەدەست لایەنی پەیوەندیدارە کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقە و تەنها دادگای فیدرالی دەتوانێت ئەنجامی پڕۆسەکە پەسەند نەکات یان هەڵیبوەشێنێتەوە".
دکتۆر هەڵمەت غەریب ئاشکرایشی دەکات کە هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هیچ ماددەیەکی یاسای کۆمیسیۆندا نییە و گوتی: "رێنمایی و کۆمیسیۆن لە پێشترە لە هەموو ئەو بڕیار و ئەو یاسایانەی کە تایبەتە بە هەڵبژاردن. هەر لایەنێک ئەگەر سکاڵای هەیە ئەوا دادگا بۆی یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر بڵێی پڕۆسەکە هەڵبوەشێتەوە و دووبارە بکرێتەوە، ئەوا لە هیچ ماددەیەکی یاسای کۆمیسیۆن ئەوە نەهاتووە و ناکرێت، بەڵکو تەنها تانە لێدانە و ئەوەش شتێکی ئاساییە".
دکتۆر هەڵمەت غەریب گوتیشی: "ئەو بڕیارەی پەرلەمان لەسەر لێواری کۆتایی هاتنی خولی پەرلەمانە و بڕیارێکی یاسایی و دەستووری نییە و سەرکۆماری عێراق دەتوانێت تانە لە بڕیارەکەی پەرلەمان بدات، چونکە ئەمە تەداخولە کە پەرلەمان دەست لەو بابەتە وەردەدات".
لەبارەی ئەگەری پابەندبوونی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە بڕیارەکەی پەرلەمان و چۆنیەتی بارودۆخی سیاسیی لە عێراق، دکتۆر هەڵمەت غەریب گوتی: "کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەگەر پابەند بێت ئەوا ناسەقامگیری لە عێراق دروست دەکات و رەنگە پەنا ببرێت بۆ شەقام و ئاسایشی نەتەوەیی دەکەوێتە ژێر مەترسی و باوەڕ ناکەم کۆمیسیۆن پێیەوە پابەندبێت، رەنگە هەندێک گلەیی و گازندە بکرێت و لەم چوارچێوەیەشدا هەندێک سندوق بەتاڵ بکرێت و ئەمەش کێشە دروست ناکات".
دکتۆر هەڵمەت غەریب گوتیشی: "ئیرادەیەکی سیاسیی لە بەغدا هەیە دەیەوێت هاوسەنگی نەتەوەیی لە کەرکووک رابگیرێت و هەندێک لایەنی دیکە دەیانەوێت کێشە لە کەرکووک دروست بکەن چونکە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە دڵی ئەوان نییە".
لە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا لە رۆژی دووشەممە بڕیاردرا کە دانیشتنەکە بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە و ئەمەش جۆرێک گومانی سیاسیی دروستکردووە و لەمبارەیەوە دکتۆر هەڵمەت غەریب گوتی: "لە ٣٠ی مانگی حوزیران ویلایەتی پەرلەمان کۆتایی دێت و بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت کۆبوونەوە بکات چونکە دەستوور رێگای پێ نادات، پەرلەمانێکی دیکە هەڵبژێردراوە و پێویستە دەستبەکاربێت لەڕاستیدا نە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و نە بڕیارەکەش هیچ بەهایەکی یاسایی نییە".
رۆژی ٢٨/٥/٢٠١٨ لە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی ١٦٥ ئەندام بڕیاردرا کە لە هەر پارێزگایەک سەدا ١٠ی دەنگەکان وەکو نموونە وەربگیرێن و بە دەست هەژمار بکرێنەوە و دەنگەکانی دەرەوەی وڵاتیش رەتبکرێنەوە، هاوکات بڕیاردرا کە جگە لە ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا، دەنگی ئاوارەکانی دیکەی عێراق هەژمار نەکرێت.