Lokman İlhan,Ramal Abdullah Mahmood
27 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2019
كاراكاس – AA
ژماره‌یه‌ك له دیپلۆماتكارانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له كاراكاس گه‌ڕانه‌وه وڵاته‌كه‌یان و ئه‌مریكا و ڤێنیزوێلا بۆ ماوه‌ی ٣٠ رۆژ دانوستان ده‌كه‌ن به مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی نووسینگه له‌باره‌ی راییكردنی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی نێوانیان و پرسی كۆچبه‌ران.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڤێنیزوێلا رایگه‌یاند، دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی ٧٢ كاتژمێر له ٢٥ی كانوونی دووه‌م كه له لایه‌ن سه‌رۆكی ڤێنیزوێلا، نیكۆڵاس مادورۆهوه دیاریكرابوو ژماره‌یه‌ك له دیپلۆماتكارانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له كاراكاس گه‌ڕانه‌وه وڵاته‌كه‌یان.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا تیشك خراوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات ماوه‌ی ٣٠ رۆژیان دیاریكردووه بۆ دانوستان له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی نووسینگە له كاراكاس و واشنتۆن بۆ راییكردنی كاروباری بازرگانی و كاره‌كانی كۆنسولخانهكان. ئاماژه به‌وه‌شدراوه تا ته‌واوبوونی ئه‌و ماوه دیاریكراوه به‌شێك له كارمه‌ندانی باڵیۆزخانه‌كه به‌رده‌وام ده‌بن له كاره‌كانیان. جه‌ختیش له‌وه كراوه‌ته كه هه‌ردوولا نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن له‌مباره‌یه‌وه ئه‌وا پێویسته له میانی ٧٢ كاتژمێردا ئه‌و كارمه‌ندانه‌ش ڤێنیزوێلا جێ بهێڵن.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڤێنیزوێلا جه‌ختی له‌وه كردۆته‌وه كه به‌رده‌وام ده‌بن له پاراستنی سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی كۆماری ڤێنیزوێلا بۆلیڤاری و جگه له ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ده‌ره‌وه داوایشی كردووه له چوارچێوه‌ی رێز له‌یه‌كترگرتن و یه‌كسانیدا مامه‌ڵه بكرێت.