سلێمانی
شەوانی شاڕێی سالم و (سەھۆڵەکە) لەھەموو شوێنێکی ئەوشارە جیاواز ترە، بانگەشەکارانی حیزبەکان ئەوێیان کردووە بەمەیدانی گردبوونەوەیان و گشتیان روو لەوێ دەکەن، ھەر بانگەشەکارێک نەچێتە سەھۆڵەکە وەکو ھیچی نەکردبێ وایە.
بەھۆی قەرەباڵخی زۆرو گەرموگوڕی بانگەشە، لایەنگرانی حیزبەکان دەچنەوە بەگژ یەکتردا، بەڵام ھەرزوو کۆنترۆڵ دەکرێن لەلایەن خەڵک و ھێزە ئاسایشپارێزەکانەوە.
لەسەرەتای دەستپێکردنی ھەڵمەتی بانگەشە (لیژنەی ئەمنی سلێمانی) رایگەیاند: تا سەعات ١١ی شەو روخسەت دەدەن بەخەڵک لەسەر شەقامەکان بانگەشە بکەن، لەوەو دوا وەکو سەرپێچی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
بەڵام وا دیارە خەڵکی ئەوشارە مل نادەن بەبڕیارەکەی لیژنەی ئەمنی و تا درەنگانێکی شەو سوورن لەسەر گەڕان و بانگەشە، زۆرجار دەگاتە دوای نیوەشەو.
بەرچاوترین جۆرەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن لەشاری سلێمانی، گەڕانە بەئوتۆمبیل و بەرزکردنەوەی ئاڵای حیزبەکانە. خەڵکی لەجامی ئوتۆمبیلەکانیان یا بەسەر سەقفەکانیان خۆ ھەڵدەواسن و بەجۆشەو ھاوار دەکەن و ئاڵاکانی دەستیان رادەوەشێنن.
ئاوات محەمەد، قایمقامی قەزای مەرکەزی سلێمانی و ئەندامی لیژنەی ئەمنی ھەرچەندە بانگەشەکاران پابەند نین بەبڕیاری لیژنەکەیانەوە، بەڵام دەڵێ خۆشحاڵە بەوەی ھەڵمەتی بانگەشەبەبێ گرفتی گەورە تا ئێستا بەردەوام بووە.
ئاوات لەلێدوانێکدا بۆ AA گوتی "تا ئەمڕۆ ھەڵمەتەکە بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەدەچێ، ئەو سەرپێچیانەشی لای ئێمە تۆمار کراون زۆر کەمن، ھەموو لایەنەکانیش پابەندبوونی خۆیان بەڕێٍنماییەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی دوپات کردووەتەوە، ھەروەھا گشت لایەنەکانمان ئاگادار کردووەتەوە لەدوای سەعات ١١ی شەو لەنێو گەڕەک و ماڵاندا بانگەشە نەکەن تا نەبێتە ھۆی بێزارکردنی ھاووڵاتیان".
لەلایەکی دیکە پۆلیسی ھاتوچۆی سلێمانی رەخنە لەقافڵەی بانگەشەکاران دەگرێ کە بەنێو کۆڵان و سەر شەقامەکاندا دەچن و بوونەتە ھۆی بێزارکردنی بەشێکی زۆری دانیشتووانی شاری سلێمانی.
مەریوان محەمەد، گوتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی بۆ AA گوتی "لەبانگەشەی ھەڵبژاردندا لایەنگرانی قەوارە سیاسییەکان کاروانی نمایشەکانیان بەشەقام و کۆڵانەکاندا خەڵکیان بێزار کردووە، بۆیە شۆفێری ھەر ئوتۆمبیلێ قانوون شکێنی بکات روو بەڕووی سزا دەدرێت بەوەی دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت".
ھەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان دەڵێ لیژنەکانیان چەندین پێشێلکاریی قەوارە سیاسییەکانیان دەست نیشانکردووە، بەڵام تا ئەمڕۆ دووشەممە ھیچ لیست و قەوارەیەکی بەشداربووی ھەڵبژاردن سکاڵایان لەدژی یەکتر تۆمار نەکردووە.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان (ھاوڕێ تۆفیق) ستایشی ھەڵمەتەکانی بانگەشە دەکات لەشاری سلێمانی و دەڵێ لەچاو بانگەشەکانی پێشووتر باشتر بووە.
ھاوڕێ لەلێدوانێکدا بۆ AA گوتی "ھەڵمەتی ھەڵبژاردن ئەمجارە بە بەراورد بەھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا ھاتووە، پاڵێوراوان و قەوارە بەشداربووەکان زیاتر پابەندن بەڕێنماییەکانەوە".
ھەروەھا پەیمانگەیەکی تایبەت بەچاودێرییکردنی ھەڵبژاردن لەسلێمانی سەرنجی داوە ھەڵ/ەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن لەوشارە بە"باشی بەڕێوە دەچێ".
ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ ھەڵبژاردن KIE بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "لەھەموو ھەڵبژاردنەکاندا ئەو گەرموگوڕییەی لەسلێمانی ھەیە لەشارەکانی تردا نییە، ئەوەش بۆ سروشتی شارەکە دەگەڕێتەوە، تا ئێستا پێنج رۆژی بانگەشە لەسلێمانی بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێ، تەنیا چەند رووداوێکی بچووک روویداوە ئەوەش نابێتە ناشیرینکردنی کۆی پرۆسەکە".
ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە٢٨-٨-٢٠١٣ دەستیپێکردو ٤٨ کاتژمێر پێش پرۆسەی ھەڵبژاردن کۆتایی دێ بڕیارە لە ٢١ی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێ.