نیویۆرک
دوای قەبوڵکردنی رەشنووسی قەڵاچۆکردنی چەکی کیمیایی لە سوریا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (بان کی مۆن) وێڕای دەربڕینی خۆشبینی گوتی "قەبوڵکردنی رەشنووسی داماڵینی چەکی کیمیایی سوریا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەواڵێکی دڵخۆشکەرو ئومێدیەخشە".
مۆن رایگەیاند دوای ئەو ھەنگاوە رۆژی سێشەممە (١ی تشرینی یەکەم) رێکخراوی داماڵینی چەکی کیمیایی دەگەنە دیمەشقی پایتەختی سوریا.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "ھۆکاری ئەو قەیرانە خوێناوییەی سوریا بەتەنیا چەکی کیمیایی نییە. نابێ لەبیرمان بچێ، بۆمب، دەبابە، چەکی جۆرارجۆری دیکەیش رۆڵیان ھەبوو لە کاولکاریی سوریا. کاتێ گڵۆپی سوور بۆ جۆرە چەکێک دادەگیرسێنین، مانای ئەوە نییە گڵۆپی سەوزمان بۆ ھەموو جۆرەکانی دیکە داگیرساندبێ. بەھیچ شێوەیەک رێنادەین چەکی قڕکەر بەکاربھێنرێ".
دوای دەنگدانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (جۆن کیری) گوتی " دیبلۆماسیەت و دیالۆگ دەتوانێ بەھێزترین چەکەکانیش لەناوببات. ئەمشەو ھەموومان دژی چەکێک جەنگاین کە ھەڕەشەبوو بۆ سەر ئاسایشی جیھان".
لەبارەی ئەگەری رێنەکەوتنی لایەنەکان و بەکارھێنانی ھێزی سەربازیی کیری گوتی "ئۆباما دەیتوانی بە بەکارھێنانی ھێز، ئەو چەکە رابگرێ و جیھان دوورخاتەوە لە مەترسییەکانی، بەڵام قەبوڵکردنی ئەو بڕیارە سەرکەوتنێکی مەزنترە لە بەکارھێنانی ھێز".
بەپێی زانیاریی وەرگیراو لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، چەکداماڵین لەمانگی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات. لە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو تەواوی سوریا پاکدەکرێتەوە لە چەکی کیمیایی. ئەگەر حکومەتی سوریا لە بەڵێننامەکە دەربچێ، ئەوا ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی بەندی حەوتەمی ھەمان بەڵێننامە رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر.
دوای ئەوەی پرسیار لەبارەی چارەنووسی تۆمەتبارانی چەکی کیمیایی کرا، کیری گوتی "بێگومان خاڵێکی رەشنووسی داماڵینی چەکی کیمیایی لێپێچینەوەی تاوانبارەکانە".
بە مەبەستی ئاگاربوون لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کارەکان، رێکخراوی داماڵینی چەکی کیمیایی لە سوریا بەردەوام راپۆرت پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.