ھەولێر
ئەمڕۆ شەممە ١٥ـ ٢ـ ٢٠١٤ لە سەلاحەدین لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەی لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی هەرێمیکوردستاندا ھەیەتی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لەگەڵ کۆسرەت ڕەسوڵ و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و مەلا بەختیار و عیماد ئەحمەد و ژمارەیەکی دیکەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆبووەوە.
بەپێی ھەواڵی ماڵپەڕی رەسمیی سەرۆکایەتیی ھەرێم، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە قسەکردن لەسەر گرفتە نێوخۆییەکانی یەکێتی و پاش ئاگاداربوونی سەرۆکی ھەرێم لە وردەکاریی ئەم کێشانە، بارزانی ئامادەیی خۆی نیشان دا ھاوکار و یارمەتیدەریان بێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئاماژەیشی بەوەدا کە پێویستە ئەم جۆرە کێشانە چارەسەر بکرێن چونکە مانەوەیان کاریگەری لەسەر بارودۆخی گشتیی کوردستان دادەنێ.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لەم کۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی "کۆمەڵێک بڕیار" دەرکران، بەبێ ئەوەی ھیچ وردەکاریەک لەوبارەوە ئاشکرا بکرێ.
دامەزراندنی کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەم دانیشتنە بوو و ئامادەبووان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە ھێزە سیاسییەکان پڕۆسەی دانوستان خێرا بکەن و لە ماوەیەکی کەمدا بگەنە ئەنجام و حکومەتی تازە ڕابگەیەنرێ.