سلێمانی
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی كۆبونەوەیەكی تایبەت لە نێوان بەڕێوەبەری گشتی گرتووخانەكانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری گرتووخانەكانی چاكسازی لەگەڵ نوێنەرانی نوێنەرایەتی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی چاكسازییەكانی سوید بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەری گشتی گرتووخانەكانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان ئەحمەد نەجمەدین لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "كۆبونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو شاندەكە بەمەبەستی رێككەوتن و كردنەوەی خولی راهێنانە بۆ كادرانی چاكسازی هەرێمی كوردستان و بەرەو پێشبردنی كاروبارەكانی ئەو چاكسازییانە".
هەروەها گوتی: "كردنەوەی ئەو خولانە لە پێناو پێشخستنی كاروباری چاكسازییەكان و پێگەیاندنی كادرانی بە توانایە لەو چاكسازییانەدا".
بەڕێوەبەری گشتی گرتووخانەكانی چاكسازی هەرێم ئاماژەی بەوەش كرد هەرێم لە روی دۆخی گرتووخانەكانی چاكسازییەوە بەرەو پێشچوونی زۆری بەخۆوە بینیوە و جێگەی خۆشحاڵی شاندەكە بووە، هەروەها نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا بڕیاریداوە خولی مەشق و راهێنانی كارمەندانی گرتووخانەكانی عێراق لە گرتووخانەی چاكسازی گەورانی دهۆك بكاتەوە.
لە نێو گرتووخانەكانی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستاندا نزیكەی سێ هەزار سزادراو و 205 سزادراوی لە سێدارە هەیە.
بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان هەردوولا بەڕێوەبەرایەتی چاكسازییەكانی سوید بۆ ماوەی ساڵێك مەشق و راهێنان بە كادیرانی چاكسازی هەرێمی كوردستان دەكەن.
نێردەی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازییەكانی سوید (لانش) گوتی: "كاری ئێمە لەسەر كۆمەڵێك ئامانجی كورت خایەن و درێژ خایەن و مام ناوەندییە كە مەبەست لێی بەرز كردنەوەی ئاستی توانستەكانە لە روی ئاسایش و چاكسازی و بەڕێوەبردنەوە ، بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا كۆمەڵێك خولمان كردۆتەوە لە هەرێمی كوردستان".
ئەوەشی گوت: "هەرێم لە بواری چاكسازیدا قۆناغی گەورەی بڕیوە و قۆناغی تریشی لە پێشە و پێویستە گرتووخانەكانی چاكسازیی هەرێم بنەماكانیان بەرەو ستانداردی نێودەوڵەتی ببەن".
لەلای خۆیەوە نوێنەری نێردەی یەكێتی ئەورووپا لە بەغدا (ماردی) گوتی: "كاردەكەین بۆ پەرەپێدانی رەوشی سەروەری یاسا، سەرەتای كارەكانیشمان بریتییە لە دۆزینەوەی ئەو بابەتانەی كە دەكرێت هاوكاری حكوومەت و دەزگاكانی چاكسازی بن بۆ پەرەپێدانی كارەكانیان".