ھەولێر / ھێمن بابان
پارێزگاری نەینەوا ئەسیل نوجێفی لە هەڤپەیڤینێكدا بۆ ئانادۆڵو دەڵێت پێیان باشە شەڕی یەكلاكەرەوەی مووسڵ نەگاتە هاوین و دەشڵێت پتر لە 20 هەزار چەكدارییان ئامادەی ئەو شەڕەیە، نوجێفی باس لە بوونی پێنج هەزار چەكداری داعش لە مووسڵ دەكات و دەڵێت رەتمانكردەوە حەشدی شەعبی بەشداری شەڕی مووسڵ بكات و كوردیش پێی باشە پێشمەرگە نەچێتە نێو مووسڵەوە، لەبارەی بەشداریی توركیاش لە شەڕی مووسڵ پارێزگای نەینەوا دەڵێت "توركیا رازی بووە چەكمان پێ بدات، كەرەستەی سەربازیی و مەشقكاری پێگەیاندووین".
ئەسیل نوجێفی دەڵێت وڵاتانی هاوپەیمانانی شەڕی دژ بە داعش هیچ چەكێكیان پێ نەداون بۆ رزگاركردنی مووسڵ، حكوومەتی عێراقیش لەوبارەیەوە بە كەمتەرخەم دەزانێت.
"پتر لە 20 هەزار چەكدار بەشداریی شەڕی مووسڵ دەكەن كە پێمان باشە نەگاتە هاوین"
لەبارەی دواین ئامادەكاریی هێزەكانیان بۆ دەستپێكردنی شەڕی یەكلاكەرەوەی مووسڵ و كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو پارێزگاری مووسڵ ئەسیل نوجێفی دەڵێت: "دوو جۆر هێز لە ئامادەكارییدان بۆ شەڕی مووسڵ و چوونە نێو ئەو شارە، هێزەكانی خەڵكی پارێزگای نەینەوا كە بریتیین لە پۆلیسی پارێزگا و هێزەكانی حەشدی نیشتمانی كە ژمارەی چەكدارانی ئەو دوو هێزە 11 هەزار كەس دەبن، هەروەها هێزی سوپای عێراقیش هەن كە لە ناوچەی دیكەی عێراق مەشق دەكەن و لە ئامادەكارییدان، ژمارەی ئەمان لەوانەی پێشتر زیاترن و چەكی قورسیشیان هەیە و بەشداردەبن لە رزگاركردنی مووسڵ".
نوجێفی كە دەڵێت ئەو هێزانەی بەشداریی شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ دەكەن پتر دەبن لە 20 هەزار چەكدار، دەڵێت: "ئەو هێزانەی كە هێزی پارێزگای نەینەوان و 11 هەزار كەسن زیاتر ئەركی ئەوان لە كۆنتڕۆڵكردنی خاك لە پاش شەڕ خۆی دەبینێتەوە نەك شەڕكردنی كردەیی لە سەرەتای شەڕەكە، سەرەتای شەڕەكە ئەو هێزانە دەستی پێدەكەن كە مەشقی باشیان پێكراوە و چەكی نوێ و قورسی زۆر باشییان پێیە".
پارێزگای نەینەوا نیگەرانی خۆشی لە حكوومەتی عێراق دەربڕی لەوەی كە هێشتا چەكی پێویستی بۆ سەربازگەكانی ئەوان دابین نەكردوووە، گوتیشی: "لەرووی چەكەوە هێزەكانی پارێزگای نەینەوا هێشتا لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە چەكی پێویستییان بۆ دابین نەكراوە و عێراق لەم رووەوە زۆر كەمتەرخەمە، بەڵام هێزەكانی سوپا ئەوانەی بەشداریی شەڕەكە دەكەن چەكی باش و نوێیان هەیە", گوتیشی نەبوونی چەك بیانووی بەردەوامی حكوومەتی عێراقە بۆ پڕچەكنەكردنی هێزەكانییان".
ئەسیل نوجێفی گوتیشی: "پێمان وایە فشار هەیە بۆ دواخستنی هێرشكردنە سەر مووسڵ بۆ كاتێكی دیكە، هەندێك پێیان وایە ئەو هێرشە دوابخرێت بۆ ئەوەی هێزی ئەڵتەرناتیڤ لە بری هێزەكانی خەڵكی نەینەوا هەبێت و شەڕەكە بكەن".
هەرچەندە نوجێفی ئامادەنییە كاتی جێبەجێكردنی پلانی هێرشكردنە سەر مووسڵ ئاشكرا بكات، بەڵام گوتی: "رەنگە بەروارەكە پێش یان دوا بكەوێت بەپێی بەردەستبوونی پێداویستی و فاكتەرەكانی سەر زەوی و واقیع، بەڵام شەڕی مووسڵ دوور نییە، رەنگە لە سنووری چەند هەفتە یان چەند مانگێك بێت، بەڵام ئێمە پێمان باشە نەگاتە هاوینی ئەمساڵ، چونكە لە هاوین قورس دەبێت لەسەر هاووڵاتییان كە بەشێكی زۆریان بەهۆی شەڕەوە ئاوارە دەبن".
سەبارەت بە بەشداریكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی شیعەكان لە شەڕی یەكلاكەرەوەی مووسڵ، پارێزگای نەینەوا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: " رەتی دەكەینەوە و پێمان باش نییە حەشدی شەعبی بەشداری لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا بكات، چونكە ناردنی هێزێكی ترلە دوورەوە كە مۆركێ تایفیی هەبووبێت رەنگە ببێتە هۆی وروژاندنی هەستی خەڵكی نەینەوا و كاریگەریی خراپی دەبێت، هەوڵ دەدەین بە زووترین كات هێزەكانمان چەكدار بكەین بۆ ئەوەی بیانوو نەبێت بۆ هێنانی هێزی دیكە".
دەربارەی رەتكردنەوەی بەشداریكردنی حەشدی شەعبیی شیعە لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ كە پێش چەند رۆژێك سەركردەی رەوتی سەدر موقتەدا سەدریش ئەو پێشنیازەی كردبوو كە هێزەكانییان بەشداری شەڕی مووسڵ بكەن، ئەسیل نوجێفی دەڵێت:" موقتەدا سەدر پیاوێكە رێزی لێ دەگرین، پێمان وایە فاكتەری گەورەی بەرقەرارییە لە وڵات و تێڕوانینی باشیشی هەیە، دڵنیایین لەوەی ئەو پێشنیازەشی كە كردی بۆ ناردنی هێز لە پەیڕەوانی بۆ رزگاركردنی مووسڵ لە نیازپاكییەتی و بۆ رێگەگرتنە لەوەی خەڵكی دیكە بە خراپ سوود لە بارودۆخەكە وەربگرن، لە بەرامبەردا من داوام لە بەڕێز موقتەدا سەدر كردووە شاندێكی باڵا بۆ سەربازگەكانمان بنێرێت بۆ ئەوەی بۆی روون ببێتەوە كە ئێمە هێزی راستەقینەمان هەیە، بەڵام پێویستمان بە چەكە كە لەو پێناوەدا دەتوانێت هاریكارمان بێت، ئەوەی پێویستمان پێیەتی چەك و كەلوپەلی سەربازییە نەك هێزی دوور".
"توركیا رازی بووە چەكمان بداتێ، كەرەستەی سەربازیی توركیا و مەشقكاریشیان گەیشتوونەتە ئێمە"
لەدرێژەی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو پارێزگاری نەینەوا ئەسیل نوجێفی باس لە رۆڵی توركیا لە شەڕی یەكلاكەرەوەی مووسڵ دەكات و دەڵێت:' لە رێگەی سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگری عێراقەوە داوای چەكییان بۆ هێزەكانییان لە توركیا كردووە و ئەو باسەش لە سەردانەكەی وەزیری بەرگریی عێراق بۆ توركیا و وەزیری بەرگریی توركیا بۆ عێراقیش باسكراوە، هەروەها لە سەردانەكەی ئەمدواییەی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق ئوسامە نوجێفی بۆ توركیا دیسانەوە ئەو داوایە لە توركیا كراوەتەوە.
لەبارەی هەڵوێستی توركیاش نوجێفیدەڵێت:" حەیدەر عەبادی پاڵپشتیی داواكارییەكانمان بۆ دەستخستنی چەك لە هەر وڵاتێك دەكات، توركیا لەرووی مەبدەئییەوە رازی بووە چەكمان بداتێ، بەڵام شێوازی گەیاندنەكە و چۆنێتی و بڕەكەی دیار نییە، نازانیین توركیا لە رێگەی بەغداوە چەكمان پێدەگەیەنێت یان راستەوخۆ".
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە هاریكارییەكانی توركیا بۆ سەربازگەكانی گرتنەوەی مووسڵ دەستی پێكردووە و دەڵێت:" توركیا بڕێك كەرەستەی سەربازیی پێویست جگە لە چەك بۆ ناردووین، هەروەها چەندین مەشقكاری سەربازی توركی مەشق بە هێزەكانمان دەكەن و ژمارەشیان رەنگە زیاتر بێت"، ئەو هێمای بۆ ئەوەشكرد كە رۆڵی پتری توركیا لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان یەكلایی دەكرێتەوە.
گوتیشی : "جگە لە توركیا راوێژكاری سەربازی كەنەدی و ئەمریكیش هەن كە یارمەتیی هێزەكانی ئەوان دەدەن."
"كورد پێی باش نییە لە شەڕی مووسڵدا بچنە نێو شارەكەوە"
پارێزگاری مووسڵ لەو هەڤپەیڤینەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ دەكات و دەڵێت سەركردایەتی كورد و پێشمەرگە پێیان باش نییە بچنە نێو مووسڵەوە، دەشڵێت: "هێزەكانی پێشمەرگە لە رزگاركردنی مووسڵ رۆڵیان دەبێت، بەڵام بەپێی رێككەوتن یان رێكخستنی پلانی هێرشكردنەكە دیار دەبێت، هێزەكانی پێشمەرگە ئێستا چەند كیلۆمەترێكی كەم لە مووسڵەوە دوورن، بگرە ئەوان لە چەند گەڕەكێكی مووسڵەوە نزیكن، بۆیە پێشمەرگە رۆڵی دەبێت لە رزگاركردنەكە، بەڵام رۆڵەكە دواتر رێككەوتنی لەسەر دەكرێت لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سەركردەكانی سوپای عێراق، سەركردایەتی كورد و پێشمەرگە تێڕوانینی وایە كە نەچنە نێو مووسڵ، ئەوان دەیانەوێ نزیك بن و پاڵپشتی كردەی رزگاركردنی مووسڵ بكەن، چونكە پێیان وایە چوونە نێو مووسڵەوە رەنگە هەندێك شوێنەواری سیاسیی خراپی هەبێت لەسەر پێشمەرگە".
دەشڵێت" كورد دەیانەوێ لە ئێستاوە پەیوەندیی باشتر لە نێوان كورد و عەرەب بۆ دوای رزگاركردنی مووسڵ دروست بكەن".
لەبارەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەشەوە لە بەرەكانی شەڕ بەتایبەت لە میحوەرەكانی كەركووك بەمدواییانە دەڵێت: "هێزەكانی پێشمەرگە بە نزیكترین هێزێك و دۆستی خۆمانی دەزانیین لە شەڕەدا و هەماهەنگی لەنێوانمان زۆر باشە، هۆكاریشی ئەوەیە پێشمەرگە سەركردایەتییەكی روونی هەیە و زاڵە بەسەریدا و دەتوانیین بە ئاسانتر لەگەڵیاندا قسە بكەین و رێكبكەوین وەكو میلیشیاكان نیین، سەركەوتنەكانی ئەمدواییانەشیان زۆر ئەرێنی بوو و رزگاركردنی ئەو ناوچانەی نزیكن لە مووسڵەوە، هەروەها ئەو سەركەوتنانە وایكردووە نزیكتربین لە مووسڵ و كارەكانی ئێمە ئاسانتر بێت بۆ شەڕی مووسڵ، جگە لەوە خۆبەخشێكی زۆری عەرەبی ئەو ناوچانەی ئازادكراون هاتوونەتە سەربازگەكانمانەوە ئەوەش زۆر باش بوو".
"پێنج هەزار چەكداری داعش لە مووسڵ هەن، شكستەكانی داعش لەتكریت و كەركووك كاری ئێمەی ئاسانكرد"
سەبارەت بە هێزی داعش لە نێو مووسڵ، پارێزگای نەینەوا ئەسیل نوجێفی دەڵێت زوو زوو زانیاریی هەواڵگری لە نێو مووسڵەوە وەدەست دەخەن و دواین زانیاریشیان لەسەر داعش ئەوەیە ژمارەی چەكدارەكانییان لە نێو مووسڵ دەگاتە پێنج هەزار چەكدارێك و لە هەموو پارێزگای نەینەواش 20 هەزار چەكدارێك دەبن، ئەو دەشڵێت: "داعش ئێستا ناتوانێت بە ئاسانی چەكداری نوێ بخاتە ریزەكانی خۆیەوە، بۆ قەرەبوكردنەوەی زەرەرەكانیشیان لە شەڕەكانی ئەمدواییە پشتییان بە چەكداری نێوخۆی عێراقی بەستووە كە ئەزموونی كەمترییان هەیە".
نوجێفی شەڕەكانی ئەم دواییەی كەركووك و تكریتیش كە تێیدا چەكدارانی داعش گورزی جەرگبڕیان بەركەوت كاریگەریی زۆر باشی لەسەر گرتنەوەی مووسڵ و دابەزاندنی ورەی چەكدارانی داعش هەبووە، دەشڵێت: "شەڕی تكریت ورەی داعشی زۆر دابەزاندووە و راكردنی بە كۆمەڵی زۆرێك لە سەركردەكانییان دەستی پێكردووە، ئەو شەڕانە قەناعەتی لای داعش دروست كردووە كە چیتر ناتوانن بەرگریی بكەن، بۆیە هەوڵی هەڵهاتن دەدەن".
هێما بۆ ئەوەش دەكات ناكۆكییە نێوخۆییەكانی داعش چڕبووەتەوە و هۆكارەكەشی بۆ بوونی ناكۆكی لەنێوان چەكدارانی بیانی و عێراقی داعش لەسەر مووچە و ئەو دەستكەوتانەی وەكو غەنیمەت لە شەڕ دەستییان دەكەوێت دەگەڕێنێتەوە، نوجێفی دەشڵێت: "چەند جارێك لە نێوان چەكدارانی توركمان و عەرەبی داعش لە تەلەعفەر روویداوە، لە شوێنی دیكەش شەڕی چەكدارانی داعش هەیە، هۆكاری ئەو ناكۆكییانەش ئەوەیە بوردومانی ئاسمانیی هاوپەیمانان زۆرینەی سەركردەكانی ریزی یەكەم و دووەمی ئەو رێكخراوەیان لەناوبرد، ئێستا سەركردایەتی داعش لە دەستی ریزی سێهەمدایە كە بە قەد ئەو دوو ریزەی پێشوو ئەزموونییان بەتایبەت لە چارەسەركردنی كێشەكان نییە".
پارێزگای نەینەوا بۆ ئانادۆڵو بوونی پەیوەندییان لەگەڵ ئەو چەكدارانەی لە نێو مووسڵ دژایەتیی داعش دەكەن ئاشكرا دەكات و دەڵێت: "هەماهەنگییمان لەگەڵ كەتیبەكانی مووسڵ هەیە كە نزیكەی 20 كەتیبەیان هەیە و بەشێكیان خانەی نووستوون و چاوەڕوانی دیاریكردنی كاتی دەستپێكردنی رزگاركردنی مووسڵ دەكەن، ئەو كەتیبانە لە مانگی حەوتی ساڵی پارەوە لە دوای تەقاندنەوەی مزگەوتی پێغەمبەر یونسەوە دەستییان داوەتە شەڕكردن لە دژی داعش، بەڵام كێشەی پارەداركردنییان هەیە".
لەكۆتایی قسەكانیدا پارێزگاری نەینەوا ئەسیل نوجێفی باس لە رۆڵی وڵاتانی عەرەب و ئیسلامی لە رزگاركردنی مووسڵ دەكات و دەڵێت بەشداریكردنی ئەوان و توركیا زۆر گرنگ دەبێت و ئەو پەیامە دەسڕێتەوە كە داعش نوێنەرایەتی سوننە دەكات و ئەوەی دژایەتی دەكات تەنها شیعەیە.
نوجێفی دەڵێت:" ئێمە داوای هەماهەنگیی و پشتیوانییمان لە هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كردووە، بەشداریكردنی توركیا و سعوودیە لە شەڕی مووسڵ زۆر گرنگ دەبێت، سعودییە پاڵپشتیی دەبێت بۆ ئێمە، بەڵام هێشتا هیچمان پێ نەگەیشتووە".
دەشڵێت: "جگە لە مەشقكردن هیچ چەكێكی وڵاتانی هاوپەیمانی شەڕی دژ بە داعشیان پێنەگەیشتووە".
news_share_descriptionsubscription_contact

