سەبارەت بە دەنگۆی دیاری كردنی ناوی ئەو كەسانەی لە نێو شاندی چاودێریدا دەبن بۆ قۆناغی چارەسەری، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند: لەو بارەیەوە لەگەڵ حكوومەتدا گەیشتونەتە رێككەوتنێكی دیاری كراو، شاندی چاودێر دەچن، بەڵام ئەوەی یەك لایی نەكراوەتەوە ناوەكانە.
دەمیرتاش، دوێنێ بەشداری كۆبوونەوەی "هاوپەیمانی هەڵبژاردنی كوردستان"ی كرد كە لەلایەن ژمارەیەك پارت و دامەزراوەی سیاسییەوە لە هۆلی پێشوازیی سوپەرمارك رێكخرابوو.
هاوسەرۆكی هەدەپە دەمیرتاش، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و بەپێویستی زانی هەر كەسێك بەنیازی هاوكاری كردنی قۆناغی چارەسەریە روون و ئاشكرابێت. هاوكات لەبارەی شاندی چاودێری قۆناغی چارەسەریەوە گوتی: "لیستێكی 16 كەسی بوونی نییە. هیچ شتێك لەو بارەیەوە یەكلایی نەكراوەتەوە. وەك ئەوەی شتێكی ئەوەندە نائاسایی بێت لەلایەن حكوومەتەوە چوونی شاندی چاودێری بۆ ئیمراڵی یان چوونی شاندێك بە ئامانجی چاوپێكەوتن، بۆ رای گشتی بڵاودەكاتەوە وەك ئەوەی بڵێی ئێمە پێی ناڕەحەت دەبین. رۆحی دانوستانەكان زۆر لەمانە شتی ئاسایی ترن. وا بڵاو دەكەنەوە كە چوونی شاندی چاودێر بۆ ئیمراڵی سازشێكە لەلایەن حكوومەتەوە. ئینكاری كردنی حكوومەت لەسەر ئەو بابەتە، بەرەو رەتكردنەوەی دەبات، كە ئەمەش بیزاركەرە. چی شتێك لەمە ئاسایی تر دەبێت؟ بەدڵنیاییەوە شاندەكان دەچنە ئیمراڵی و مشتومڕیش بەڕێوەدەچیت".
لە درێژەی قسەكانیدا هاوسەرۆكی هەدەپە دەمیرتاش گوتی: "مادام چەكەكان دەخرێنە لاوە، بۆچی ئەوەندە بەربەست بۆ ئەو كەسانە دروست دەكەن كە پێویستە قسە بكەن. لەبەرئەوە با سیاسیەكانی دیكەش بچنە ئیمراڵی، شاندی چاودێران، رۆشنبیران، نووسەران، رۆژنامەنووسان، هەموو ئەوانە با بچنە ئیمراڵی. هەر كەسێك خاوەنی بیروبۆچوونێكە بەمەبەستی هاوكاری كردنی قۆناغی چارەسەری پێویستە روون بێت، لەبەرئەوە من بەدروستی نازانم ئەوە بەو شێوە بەپەلەیە بەدرۆ بخرێتەوە. لەم بابەتەدا لەگەڵ حكوومەت گەیشتوون بە رێككەوتنێكی دیاری كراو، شاندی چاودێردەچێتە ئیمراڵی، بەڵام ئەوەی یەكلایی نەبۆتەوە ناوی كەسەكانی نێو شاندەكەیە".
ئەوە بە نهێنی دەمێنێتەوە، دەشاردرێتەوە، شتێكیش نییە بەلایەوە شەرمەزرای بێت. لەبەرئەوە لێرەوە دەمەوێت ئەوە وەبیر نوێنەرانی حكوومەتدا بهێنمەوە، كە ئەگەر شتێكی قەدەغەكراو، عەیب، نامەشروعی دەكەین با بڵاوی نەكەینەوە. بەڵام ئێمە لەو باوەڕەداین كە كارێك دەكەین كە زۆر زۆر مەشروع و حەقە، كارێكی تا بڵێی دروستە. شتیكی تێدا نییە تا بە خەڵكی رانەگەیەنین. شاندی چاودێریش بەپێی رێككەوتنێك كە پێش چەند مانگێك لەگەڵ حكوومەتدا پێی گەیشتین دەبێت بچێتە ئیمراڵی. ئێمەش چاوەڕوانین لە نزیكترین كاتدا ناوی كەسەكانی نێو شاندەكە یەكلایی بكرێتەوە.
هاوكات لەبارەی ئەو مشتومڕانەی باس لە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەكەن لە نەورۆزدا لەرێگەی ڤیدیۆییەوە، دەمیرتاش گوتی: "پێش چوونی شاندەكەمان بۆ ئیمراڵی، زۆر دیار نییە كە ئەوە دەبێت یان نا. بەدڵنیاییەوە زۆر پێشنیاری ئەوە دەكەین كە بەڕێز ئۆجەلان راستەوخۆ لەگەل دەرەوەدا پەیوەندی دروست بكات. ئەوەش لەرێگەی ڤیدیۆ و دەنگەوە دەبێت. لەو باوەڕەداین كە ئەوە كاریگەری قورستر لەسەر رای گشتی دروست بكات. بەڵام لە ئەنجامدا ئەوە بڕیارێك نییە ئێمە بیدەین، بەڵكو لە رۆژانی داهاتوودا هەرچۆنێك بێت شاندەمان دەچنە ئیمراڵی، كاتێكیش چوون ئەوسا هەموو بەیەكەوە لەو بابەتە ئاگادار دەبین".
لە بەشیكی دیكەی قسەكانیدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوە كرد، كە "هاوپەیمانی هەڵبژاردنی كوردستان" لەلایەن بەدەپە، كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكرات، بزوتنەوەی ئازادی، رێكخراوی شۆرشی دیموكراتی كورد و پارتی ئازادی سۆسیالست پێكهێنراوە و لە 7ی حوزەیراندا لەژێر چەتری هەدەپەدا بەشداری هەڵبژاردن دەكەن.
هاوسەرۆكی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەوەشی خستەڕوو، كە هەدەپە بە رۆحی لە ئامێزگرتن كاردەكات بۆ كۆكردنەوەی تەواوی ستەمدیدەكان و گوتی: "لەو باوەڕەدام بەو هاوپەیمانێتیەی دروستمان كردووە ئەنجامی زۆر بەهێز بەدەست دەهێنین. بەهۆی ناسنامەمانەوە نامانەوێت لەبەرئەوەی كورد، تورك، ئەرمەنی، عەرەب، چەركەس، لاز، محەلیین لە بەهاكانمان كەم بكرێتەوە. نامانەوێت ئیدی لەسەر ئەم خاكە سوكایەتیمان پێ بكرێت و بڕەنجێین لەبەرئەوەی سەرپۆشمان بەسەرەوە نییە یان بەسەرەوەیە، عەلەوین، سوننین، سریانین یان ئیزیدین. ئیدی ناخوازین لەم خاكەدا لەم نیشتمانە رەسەنەدا لەبری هاووڵاتی بوون وەك كۆیلە مامەڵەمان لەگەڵدا بكرێت".
دەمیرتاش بەپێویستی زانی ئەو دەسەڵاتەی دوای هەڵبژاردن دروست دەبێت، وەك ئەو هاوپەیمانیە بێت كە پێكیهێناوە. ئەگەر دەبێتە دەسەڵاتێكی نوێ ئەوا وەك كەسانی سەر ئەم مێزە و ئەوانەشی پاڵپشتیان دەكەن هەمە رەنگ، فرە دەنگ، كلتوور و بیروباوەڕ دەبێت. هەر وەك نیشتمانەكەمان و ئەم خاكە چەندین ساڵە هەمە رەنگ و جۆراوجۆرین لەگەڵ ئەوەشدا هاوسەنگ دەبین.
سەلاحەددین دەمیرتاش ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەو هاوپەیمانێتیەی پێكیان هیناوە بەڕووی هەموو كەسێكدا كراوەیە.
دوای پێشكەش كردنی وتارەكان بەیاننامەی هەڵبژاردن كە لە 12 ماددە پێكهاتووە بە ھەردوو زاری زمانی كوردی، كرمانجی سەروو و زازاكی، و زامانی توركی و عەرەبی خوێندرایەوە.