تاران
بە پێی ھەواڵێی ئاژانسی ھەواڵی رەسمی ئێران IRNA کە باس لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران عەلی ئەکبەر ساڵحی و سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم یوکۆ ئەمانۆ دەکات و تێیدا ئاماژەی بە کۆنگرەی ھاوبەشی رۆژنامەوانی ساڵحی و ئامانۆ کردووە و تێیدا لە زاری ساڵیحەوە رایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەی نێوان ھەردوولادا لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتوون و ھەروەک ساڵحی ھیواشی خواستووە ئەو بابەتانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون ببێتە ھەوێنی دیاریکردنی ھەنگاوەکانی داھاتووی نێوان ھەردوولا.
ھەروەک ساڵحی خۆشحاڵی خۆشی بەرامبەر ئیمزاکردنی ئەو لێکتێگەیتشنەی کە لەئەنجامی کۆبوونەوەکدا ھاتۆتە ئاراوە نیشانداوە و ئاشکرایکرد لەسەرەتاوە لەگەڵ ئاژانسەکەدا زۆر شەفافانە کاریان کردووە، بەڵام لێکتێنەگەیشتن ھەبووە لە نێوانیاندا و لەمیانی کۆبوونەوە گەیشتوونەتە ئەوڕێککەوتنەی کە دووبارە دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران دەخرێنەوە ژێر چاودێری ئاژانسەکە و ھاوکات ھاریکاری تەواو دەست پێ دەکات لە نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.
ساڵحی لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا ئاماژەی بە ھەبوونی ھەندێک کێشەی دیکە کرد و راشیگەیاند: بریارمانداوە کە ھەنگاو بە ھەنگاو کێشەکانمان بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.
ئاشکراشی کردووە کە بریار دراوە متمانەی زیاتر لە نێوان ھەردوو لادا دروست بێت تاکو کێشەکان چارەسەر بکرێن.
ئەوەشی وتووە کە لە ھەنگاوەکانی داھاتودا چاوپێکەوتنی پسپۆران بەردەوام دەبێت و ماوەی جێبەجێکردنی ئەم قۆناغانەشی باس کرد کە خۆی لە ٣ مانگدا دەبینێـەوە.
لەلایەکی دیکە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە کە کۆبوونەوەکانی نێوان ھەردوولا زۆر گرنگ بوون و سەرکەوتووانە بەرێوەچوون.
ئامانۆ لە بارەی ئەوەی کە ئەو ڕێککەوتنە کاریگەری لەسەر کۆبوونەکانی گروپی ٥+١ و ئێران دەبێت یان نا؟ رایگەیاندووە کە ئەو کۆبوونەوانە تەواو جیاوازن و دووشتی لێکجیان.