تاران
وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر "گوتە پڕ هەڕەشە ئامێزەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا" لە تارانی پایتەختی ئێران گرووپێكی قەرەباڵغ كە لە خوێندكارانی زانكۆ پێكهات بوو، دانوستانەكانی ئەتۆمییان پرۆتستۆ كرد".
خۆپیشاندەران لە مەیدانی فەڵەستین لە تاران گردبوونەوەیەكیان رێكخست و رایانگەیاند: "لە كاتێكدا دانوستانەكانی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 بەردەوامی هەیە، ئەو روونكردنەوە هەڕەشە ئامێزانەی لەلایەن لێپرسراوانی ئەمریكاوە بڵاودەكرێنەوە پێشێلی دانوستانەكان دەكات".
هاوكات ئاماژەیان بەوە كرد كە ئەوان دانوستان لەژێر سێبەری هەڕەشەدا رەت دەكەنەوە و داوایان لە حكوومەتی وڵاتەكەیان كرد هەڵوێستێكی بەهێزتر نیشان بدات.
خوێندكاران، پرۆتستۆی ئەو روونكردنەوانەی حكوومەتی ئەمریكایان كرد كە بەپێویستی دەزانێت دامەزراوەكانی سەربازی ئێران بپشكنرێت، ناو بەناویش هوتافیان دژی ئەمریكا دەكێشا.
خۆپیشاندەران، بە بەرز كردنەوەی دروشمی "پێنج كۆ یەك یەكسانە بە سفر"، "دانوستان لەژێر سێبەری هەڕەشەدا قبووڵ ناكەین" و "تا كۆتایی بەرگری دەكەین"، بۆ پشتیوانی لە وتەكانی رابەری رۆحی وڵاتەكەیان ئایەتوڵلا عەلی خامنەیی كە گوتبووی "رێگە نادەم دامەزراوەكانی سەربازی ئێران بپشكنرێت" هوتافیان دەكێشا".
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی نێوخۆی ئێران دوای دوو سەعات لە پێدانی مۆڵەت بە خۆپیشاندەران لە مۆڵەتەكەی پاشگەز بۆوە، بەڵام خۆپیشاندانەكە ساز كرا، هێزەكانی پۆلیسیش رێو شوێنی ئەمنی فراوانیان گرتەبەر.