واشنتۆن
سەرۆکی ئەمریکا ( باراک ئۆباما) بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ قەیرانی بودجەی حکومەت لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس کۆبووەوە و دوای کۆتایی ھاتنی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی بودجە لەگەڵ کۆنگرێس نەگەیشتینە ئەنجام.
لە بارەی ئەو کۆبوونەوەیە، سەرۆکی کۆنگرێس لە پارتی کۆمارییخوازان (جۆن بۆئەنھەر) رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا ئۆباما گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە رەتکردەوە.
جۆن گوتی" ھیوادارم ھاوکارانمان لەدیموکراتەکان گوێ بۆ داواکاریی خەڵک شل بکەن و دواتر دابنیشین دەست بە گفتوگۆی خۆمان بکەین بۆ چارەسەری قەیرانەکە".
کۆمارییخوازانی نێو کۆنگرێس مەرجیان ھەیە بۆ چارەسەری قەیرانی بودجەو دەڵێن بۆ پەسەندکردنی بودجەی دیکە بۆ حکومەت، دەبێ لە پاکێجی تەندروستیدا گۆڕانکاریی بکرێ کەچی ئۆباما و دیموکراتەکان بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین لەو پاکێجەدا گۆڕانکاریی بکەن.
سەرۆکی دیموکراتەکان لەکۆنگرێس (ھاری رێد) سەبارەت بە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لە پاکێجی تەندروستی رایگەیاند: بە ھیچ شێوەیەک گۆڕانکاریی لەو پاکێجە ناکرێ و گوتی" نە سەرۆک ئۆباماو نە دیموکراتەکان بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین بۆ چارەسەری قەیرانی بودجە دەست بە گۆڕانکاریی لەو پاکێجە بکەن کە بەر لە سێ ساڵ وەکو پرۆژە یاسا قەبوڵکراوە".
کۆشکی سپی سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی نێوان ئۆباما و بەرپرسانی کۆنگرێس رایگەیاند: بۆ چارەسەری قەیرانی بودجە، ئۆباما بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ھیچ لایەنێکدا گفتوگۆ ناکات، بەڵکو داوای قەبوڵکردنی بە پەلەی پرۆژە بڕیاری زیادکردنی بودجە دەکات لەلایەن کۆنگرێسەوە.