ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا ( ئەحمەد داود ئۆغڵو) رایگەیاند: نزیکبوونەوەی ئێران و ئەمریکا سوودی زۆری بۆ تورکیا دەبێ و گوتی" ئێران گەرمترین بازاری ئاسیایە، دەبێ بە رووی کۆمەڵگەی جیھانیدا بکرێتەوە و لە ئەگەری کرانەوەی ئەو بازاڕەدا تورکیا سوودەمەندی یەکەم دەبێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێرانی کرد و گوتی" کاتێک پارتی داد و گەشەپێدان دەسەڵاتی وەرگرت ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەر دوولا ٢.٥ ملیار دۆلار بوو، لە ١٠ ساڵی دەسەڵاتی ئاکەپەدا ئەو رێژەیە ١٠ جار زیاتر کرا و بوو بە ٢٥ ملیار دۆلار".
داود ئۆغڵو رایگەیاند: ئەگەر ئابڵوقە ئابوورییەکانی سەر ئێران کەمکرێنەوە، ئەوا ئەو رێژەیە بۆ ٥٠ ملیارو ئەگەر ئابڵوقەکان ھەڵوەشێنەوە بۆ زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە.