قاھیرە
نێردراوی ھاوبەشی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا ئەحزەر ئیبراھیمی کە بە مەبەستی گفتوگۆ کردن بۆ ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی جێنڤ ٢ سەردانی قاھێرەی پایتەختی میسری کردبوو، لەگەڵ سکرتێری کۆمکاری عەرەبی نەبیل عەرەبی کۆبوەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا ھەردوو لا باسیان لە چۆنیەتی بەرێوەچوونی ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی جێنڤ ٢ تایبەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا کرد کە بڕیارە مانگی داھاتوو ساز بکرێ.
دوای کۆبوونەوەکە نەبیل عەرەبی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ھەموو لایەنەکان لەبارەی بە بەستنی کۆنفرانسی جێنڤ ٢ لە رۆژی ٢٣ی مانگی داھاتوو ھاوڕان و ھیوادارین کۆنفرانس بۆ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ سوریا داوا لە رژیم و ئۆپۆزسیونی سوریا بکات کە ئاگربەست رابگەینن."
ئەحزەر ئیبراھیمییش لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "قەیرانی سوریا کارەساتە و ئاستی ناوچەیی بوونی تێپەڕاندووە و بووەتە قەیرانێکی جیھانی و ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاشتی جیھانی. زیاتر لە سەد ھەزار کەس بە ھۆی شەڕی سوریاوە گیانیان لە دەستداوە و دوو لە سەر سێی دانیشتوانی سوریا وڵاتەکەیان جێھێشتووە."
ئیبراھیمی ئاماژەی بەوەش کرد دوای دەستنیشانکردنی کاتی بەستنی کۆنفرانسی جێنڤ ٢، سەردانی جنێڤ دەکات و لەگەڵ نوێنەرانی ھەر پێنج ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە.